ئەردۆغان: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڕەشەی سەرەکین
"بڵاوبوونەوەی خێرای درۆ، ھەواڵی ناڕاست و چەواشەکاری دەبینین"
K24 - هەولێر
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، رایگەیاند "تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە یەکێک لە ھەڕەشە سەرەکییەکان بۆسەر دیموکراسی، لە بەرامبەر لێشاوی ھەواڵی ناڕاستدا وڵاتانی وەک ئێمەش کە خاوەن دیموکراسییەکی بەھێزین، بەھۆشیارییەوە مامەڵە دەکەین".
ئەردۆغان لەڕێگەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە بەشداری لە لوتکەی پەیوەندییە ستراتیجییە نێودەوڵەتییەکان (Stratcom Summit ’21) کرد کە لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاوە رێک خرابوو. لە میانەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیدا، ئامێرە دیجیتاڵییەکان کاریگەری قوڵییان لەسەر ژیانی مرۆڤەکان دروستکرودوە و رایگەیاند: "لەم قۆناغەدا رۆژ بە رۆژ گرنگی ستراتیجی پەیوەندییەکان زیاد دەکات. بەتایبەت لەگەڵ پەرەسەندنی بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بڵاوبوونەوەی خێرای درۆ، ھەواڵی ناڕاست و چەواشەکاری دەبینین. ئەو ھەواڵانەی بەبێ تێپەڕبوون بە ھیچ فلتەرێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە، بوونەتە ھۆی تێکدانی ژیانی ملیۆنان کەس. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرەتای دەرکەوتنیاندا ھێمایەک بوون بۆ ئازادی، بەڵام لەئێستادا بوونەتە یەکێک لە ھەڕەشە سەرەکییەکان بۆسەر دیموکراسی".
سەرۆک کۆماری تورکیا، گوتیشی: "جەخت لەوە دەکەینەوە کە ھیچ کۆمپانیایەک لە سەروی یاساوە نابێت، جا ھێزی دارایی و پێگەی نێودەوڵەتیی ھەرچییەک بێت، وێڕای ئەو تۆڕە جیھانییانەی خۆیان زۆر بە بەربڵاو دەبینن، خەباتمان لە پێناو دروستکردنی پەیوەندی پاک و ئاشکرادا بەپێداگرییەوە بەردەوام دەبێت".