هيلاری كلینتۆن بووه‌ كاندیدی سه‌ره‌كی دیموكراته‌كان بۆ كۆشكی سپی

ئێستا تاكه‌ به‌ربه‌ست ترامپه‌

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/45ad0447-1c7a-44cd-b0a3-01960131dbdc/ClintonDemocrats.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

لە دوای  سەرکەوتنەكانی لە ھەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی پارتی دیموکراتی ئەمریکا، ھیلاری کلینتۆن بووە کاندیدی فەرمی پارتەکەی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا و ئێستاش پێشبرکێ راستەقینەکە دەستپێدەکات لەنێوان ھیلاری کلینتۆن و دۆناڵد ترەمپدا، بۆ بوون بە سەرۆکی داھاتووی ئەمریكا.

بۆ دواجار، ھیلاری کلینتۆن، بە فەرمی بووە کاندیدی پارتی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا و لەدوای نوێترین سەرکەوتنیشی، کلینتن رایگەیاند کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا، رۆژێکی مێژووییە بۆ وڵاتەکەی.

ھیلاری کلینتۆن, بووە یەکەم ئافرەت لە مێژووی ئەمریکادا کاندیدی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی بێت، رایگەیاند سەرکەوتنەکەی، سەرکەوتنە بۆ ھەموو ئافرەتانی ئەمریکا، بەڵێنیشدا، لەژێر ئەودا ئەمریکا جارێکی دیکە ئاوڕی پشتەوە نەداتەوە و ھەمیشە تەماشای داھاتوو بکات.

ھیلاری کلینتۆن, گوتی: "زۆر سوپاستان دەکەم، ئەمشەو مێژوومان تۆمار کرد، چونکە بۆ یەکەمجارە لە مێژووی گەلەکەماندا، ئافرەتێک ببێتە کاندیدی پارتێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا".

بەڵام لەگەڵ راگەیاندنی سەرکەوتنی ھیلاری، بێرنی ساندەرسی رکاربەری دەستی لە پێشبڕکێکە ھەڵنەگرت و رایگەیاند لە ھەڵبژاردنەکان ناکشێتەوە تا ئەنجامدانی کۆنگرەی دیموکراتەکان کە بڕیارە مانگی داھاتوو بەڕێوەبچێت.

بێرنی ساندەرس, کاندیدی دیموکراتەکان, ده‌ڵێت: "ئێمە بەردەوام دەبین لە جەنگەکەمان و لەو ویلایەتانەی ماون، ئێمە درێژە بە پێشبڕکێکەمان دەدەین بەتایبەتی لە واشنتن دی سی و شۆڕشی گۆڕانکاری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییمان کۆتایی نایەت".

ئێستا رێگەی گەیشتن بە کۆشکی سپی بۆ ھیللەری کلینتنەوە، ئاسان بووە و تاکە بەربەست لەبەردەم ئەو، دۆناڵد ترامپی کاندیدی کۆمارییەکانە و ترامپیش ھۆشداری داوەتە کلینتن، کە ئەو وەکو ساندەرس نییە و پاروویەکە بە ئاسانی قووت نادرێت.