حدک دوو "سیخوڕ" رادەستی هەرێمی کوردستان دەکات

حزبی دیموکراتی کوردستان: چاوساغ بوونە بۆ هێرشە مووشەکییەکەی کۆیە

وێنەی ئەو دوو کەسەی وەک "سیخوڕ" دەستگیرکراون
وێنەی ئەو دوو کەسەی وەک "سیخوڕ" دەستگیرکراون

K24 – هەولێر

حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) رایدەگەیەنێت، دوو کەسیان بە تۆمەتی "سیخوڕی" پەیوەست بە هێرشە مووشەکییەکەی سەر بارەگاکەیان لە کۆیە دەستگیرکردوون و دوای لێکۆڵینەوە رادەستی دەسەڵاتی دادوەریی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان دەکەن.

لە 8/9/2018، کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە بە مووشەک کرایە ئامانج، بەو هۆیەوە 16 پێشمەرگەی ئەو حزبە گیانیان لەدەستدا، کە شەش کەسیان ئەندامی رێبەری حزبەکە بوون، ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

دەفتەری سیاسی حزبی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، لە بەدواداچوونەکانیان بۆیان دەرکەوتووە، دوو کەس بە پلان توانیبوویان خۆیان بخزێننە نێو ریزی پێشمەرگەکانی حزبەکەیان.

لە راگەیەندراوەکەدا روونکراوەتەوە: ئەو دوو کەسە بەناوەکانی " کەیوان (سۆران) فەیزی" و "فەراز سەڵەواتی" کە خەڵکی سنەن، دوای دەسبەسەرکردنیان لە لێپرسینەوەکان دانیان بەوە داناوە کە سیخوڕییان بۆ کۆماری ئیسلامی کردووە و لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی لە سنەوە ئەرکی سیخوڕی، تیرۆر و کاری تێکدەریان لە ریزەکانی حیزب پێسپێردراوە، کە چاوساغی و پێدانی زانیاری بۆ مووشەکبارانی 17ی خەرمانانی قەڵای دیموکرات".

لە بەشێکی دیکەی حدک ئاماژەی بەوەکردووە: "دەفتەری سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستان دوای بەدواداچوون بە هەڵسەنگاندن و تاوتوێی هەموو لایەنە قانوونی و سیاسییەکانی ئەو بابەتە، گەیشتە ئەو ئەنجامە کە بۆ رێزگرتن لە سەروەری حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەو تاوانە لە خاکی هەرێمدا کراوە و پێشێلکردنی سەروەری و یاساکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی عێراق بووە، ئەم تاوانبارانە بۆ بڕیار لە سەردانی کۆتایی رادەستی دەزگای دادوەریی هەرێمی کوردستان بکات. حزبی دیموکراتی کوردستان دەخوازێ ئەم تاوانبارانە لە مەحکەمەیەکی دانپێدانراوی قانونیدا دادگایی بکرێن".