بەشى بەڵگەکانى تاوان لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر دەکرێتەوە
"خوازیار دەبێت دەرچووى بەشى زانستى بێت، دواى تەواوکردنى خوێندنیش بڕوانامەى دیبلۆمى تەکنیکى لە بوارى بەڵگەکانى تاوان پێدەدرێت"
K24 - ههولێر:
یاداشتى لێکتێگەیشتن بۆ کردنەوەى بەشى بەڵگەکانى تاوان لە پەیمانگهى تەکنیکى پزیشکیی هەولێر سەربە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر لهلایهن رێبەر ئەحمەد، وهزیری ناوخۆ و ئارام محەمەد قادر وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی واژۆکرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بەر لە واژۆکردنی یاداشتى لێکتێگەیشتنەکە، لە کۆبوونەویەکدا رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆ رایگەیاند، "ئێمە لە وەزارەت تاقیگە و ئەفسەرى باش و سەرکەووتوومان هەیە، بەڵام ئەم بابەتە بەخول و ئامادەکردنى کادیر رێکخستنى ئەستەمە، بۆیە بە کردنەوەى ناوەندێکى زانستى لەو شێوەیە دەبێتە هاوکارێکى باش بۆ دادگاکان".
رێبەر ئەحمەد دەستخۆشى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد بۆ کردنەوەى ئەم بەشە و جەختى لە پاڵپشتى و هاوکارى تەواوى وەزارەتەکەى کرد، بۆ سەرکەوتنى خوێندن لەو بەشە هەستیارە و جەختیشی کردەوە، هەر کارێک بکەوێتە ئەستۆى وەزارەتى ناوخۆ بۆ سەرکەوتنى ئەو بەشە درێغى ناکەن.
ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، "کردنەوەى ئەم بەشە سەرەتا بەوەرگرتنى 25 ئەفسەر و کارمەندانى وەزارەتى ناوخۆ دەبێت و خوازیار دەبێت دەرچووى بەشى زانستى بێت، دواى تەواوکردنى خوێندنیش بڕوانامەى دیبلۆمى تەکنیکى لە بوارى بەڵگەکانى تاوانیان پێدەدرێت".
گوتیشى: "بۆ کردنەوەى ئەم بەشە ئەولەوییەت بۆ کارمەندانى وەزارەتى ناوخۆیە، ئەمەش لەپێناو پێگەیاندنى کادرى پسپۆڕى بوارەکەیە"، جەختیشی کردەوە بە سەرکەوتنى خوێندن لەو بەشە هەوڵەکان بۆ ئەمە دەبن، کە لە داهاتوودا بیکەین بە کۆلێژ و بروانامەکەش بکرێت بە بەکالۆریۆس.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزیری ناوخۆ، یاداشتى لێکتێگەیشتن بۆ کردنەوەى بەشى بەڵگەکانى تاوانیان لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر واژۆ کرد و دواتریش وەزیرى خوێندنى باڵا فەرمانى کردنەوەى بەشەکەى پێشکەش بە سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر کرد.
دواى مەراسیمى ئیمزاکردنەکەش هەریەک لە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزیرى ناوخۆ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا بۆ دەزگاکانى راگەیاندن وردەکارى واژۆکردنی یاداشتەکەیان روونکردەوە، لەو چوارچێوەیەشدا، ئارام محەمەد قادر گوتى: "کردنەوەى ئەم بەشە هەوڵێکە بۆ خزمەتکردن بە رەوتى لێکۆڵینەوەکان بەشێوەیەکى زانستى و ئەکادیمى بۆ دامەزراوەکانى وەزارەتى ناوخۆ، بەمەبەستى گەیشتن بە سەرچاوەى تاوانەکان، لەهەمان کاتیشدا پێگەیاندنى کادیرى پسپۆڕە لە بوارى بەڵگەكانى تاوان و تاقیگەى تاوان و وانە پراكتیكییەكان".
وەزیرى ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد له كۆنفرانسه رۆژنامهوانییهكهدا گوتى: "سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان پاڵپشتە بۆ کردنەوەى ئەم بەشە و بەمەش بۆشایى ئەکادیمى لە وەزارەتەکەمان پڕدەکرێتەوە".
گوتیشى: "ئەم بەشە تەواوى ئامادەکارى زانستى لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ کراوە و گرنگییەکى تایبەتیشی پێدراوە بەتایبەت لە داڕشتنى پڕۆگرامى خوێندن و ستافى پێویستى وانە وتنەوە، ئاماژەکانیش پێمان دەڵین پڕۆژەکە سەرکەوتوو دەبێت و تەواوى پاڵپشتى خۆشمان بۆ سەرکەوتن لە سەرجەم لایەنەکانەوە دووپات دەکەینەوە".