هۆكاری گیانلهدهستدانی ئهو هاووڵاتییهی دهرزی ئهمۆكسیلینی لێدرابوو ئاشكرا دهكرێت
به هۆی دهرزییهوه هاووڵاتییهكی دانیشتووی ناحیهی شۆڕشی سهر به قهزای چهمچهماڵ گیانی لهدهستدا

K24 – ههولێر:
كوردستان24، بهدواداچوونی بۆ حاڵهتی گیانلهدهستدانی هاووڵاتییهكی دانیشتووی ناحیهی شۆڕشی سهر به قهزای چهمچهماڵ كرد، كه دوێنێ دوای وهرگرتنی دهرزییهكی ئهمۆكسیلین گیانی لهدهستدا.
لهو بارهیهوه د. بارزان محەممەد دارتاش بەڕێوەبەری پزیشکی دادوەریی سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند، دوای ئەوەی ئەو پیاوە گەیەندراوەتە لای ئەوان توێکاری تەواویان بۆ کردووە، دەرکەوتووە لە ماوەی 15 خولەکی دوای بەکارهێنانی دەرزی ئەمۆکسیلین بەهۆی کاردانەوەی فرە هەستیارییەوە گیانی لەدەستداوە.
گوتیشی: کاردانەوەی فرە هەستیاری حاڵەتێکی زۆر دەگمەنە کەمجار روودەدات کەسێک دوای بەکارهێنانی ئەمۆکسیلین تووشی ئەم حاڵەتە ببێت، بەڵام کە تووشی دەبێت لە ماوەی 15 خولەکدا دەیکوژێت.
د. بارزان محەممەد گوتیشی: بەگوێرەی توێکارییەکان دەرکەوتووە، کە بەکارهێنانی دەرزییەکە هەڵەی تێدا نەبووە، راپۆرتی کۆتایی خۆیان لەبارەی ئەو کەیسەوە ئامادەکردووە، هەر کات دادوەر داوای کرد رەوانەی دەکەن بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی.
هاوکات د. فەرهاد محەممەد بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو کەسەی دەرزییەکەی بۆ ئەو هاووڵاتییە کردووە پێشتر لە بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئەوان یاریدەدەری پزیشک بووە، بەڵام خانەنشین کراوە، دوای خانەنشینکردنی لەدەرەوەی نەخۆشخانە نۆڕینگەیەکی کردووەتەوە و بە مۆڵەتی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کاری کردووە.
بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ ئهوهشی گوت: دوای دەرچوونی ئەنجامی توێکاری لە پزیشکی دادوەریی، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە پێکدەهێنرێت تاوەکو بە دروستی بزانرێت هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو پیاوە چی بووە.
لای خۆیەوە، هاوژین عوسمان بەڕێوەبەری لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو کەسەی کە دەرزییەکی بۆ هاووڵاتییەکەی چەمچەماڵ بەکارهێناوە مۆڵەتی لای ئەوان هەبووە و نۆڕینگەکەی تۆمارکراوە، ئەگەر دەربکەوێت، کە کەمتەرخەمی لە ئەندامەکەی ئەواندا هەیە رووبەڕووی یاسای دەکەنەوە.