سه‌ركردیه‌كی شیعه‌ی عێراق له‌ كۆنسێرته‌كه‌ی محەمەد رەمەزان ناڕازییه‌

"پێویستە سوود لە ئەزموونی نوێی میسر وەرگرین نەک لە ئاهەنگی سەماکانیان"

سه‌ركرده‌ شیعه‌كانی عێراق له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ی محه‌مه‌د ره‌مه‌زان نیگه‌رانن
سه‌ركرده‌ شیعه‌كانی عێراق له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ی محه‌مه‌د ره‌مه‌زان نیگه‌رانن

K24 - هه‌ولێر:

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە عێراق، لە لێدوانێکدا رایگه‌یاند، "هاوردەکردنی ئاهەنگی سەماکردن لە میسرەوە لەگەڵ ئایین و دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراقدا ناگونجێت".

موقتەدا سەدر لە نوێترین لێدوانیدا سەرنجی خستەسەر سوود وەرگرتن لە ئەزموونی نوێی میسر، کە هەڵمەتی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە لەخۆدەگرێت، کە لە رێگەی هەندێک لە تێڕوانین و بیروبۆچوونەکانی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسرەوە، دەستی بە پەرەپێدان کرد".

لەبارەی ئەزموونی میسری نوێوە، موقتەدا سەدر رایگەیاند، میسر بە پلانسازی، چاودێرییەکی توند و رێکوپێک و پلانێکی ئەمنیی بە یارمەتی سوپای میسر، هەوڵی دوورخستنەوەی دیمەنی تیرۆریزم و توندڕەوی دەدات".

رێبەری رەوتی سەدر رەخنەی لەو ئاهەنگانە گرت کە لە عێراقدا بۆ هونەرمەندە میسرییەکان ساز دەکرێن و گوتی: "ئەو جۆرە ئاهەنگانە لەگەڵ ئایین و باوەڕ و نۆرمی کۆمەڵگەکەمان ناگونجێت و دوورە لە مامەڵەکردنی عەقڵانی و خۆشەویستی نیشتمان".

لێدوانەکەی رێبەری سەدر لەدوای ئەوە دێت، کە هونەرمەندی میسری محەمەد رەمەزان هەفتەی رابردوو لە عێراق کۆنسێرتێکی ئەنجامدا و دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.