ئیلهام ئەحمەد: هەوڵەکانی رووسیا سەرکەوتوو نەبوون
لەگەڵ حکومەتی سووریا رێکنەکەوتوون

K24 - هەولێر
هاوسەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، هەوڵەکانی رووسیا بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ئەوان لەگەڵ حکومەتی سووریا سەرنەکەوتن.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە کۆبوونەوە ساڵانەی ئەنجومەنەکەیان بۆ هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانی کۆنگرەی جەزیرە و فورات رایگەیاند، لە رابردوودا هیچ هەوڵێک بۆ دانوستانی مەسەدە و حکومەتی سووریا سەرکەوتوو نەبوون، هەوڵەکانی رووسیاش وەک گەرەنتی دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی سووریا بە هەمان شێوە شکستیانهێنا.
ئیلهام ئەحمەد، جەختیشی کردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵەکانی حکومەتی رووسیا بۆ ئەنجامدانی دانوستان بەردەوامن.
ئاماژەی بەوەشدا، گفتوگۆی ئەوان لەگەڵ حکومەتی سووریا، بەو واتایە نییە کە ئەوان رەوایەتیان دابێتە ئەم حکومەتە و حکومەت خۆی وەک هێز و لایەنی سەرکەوتوو بزانێت.