کەشناسی پێشبینیەکان لەبارەی شەپۆلی بەفر و باران دەخاتەڕوو

"پلەی گەرما بۆ ژێر سفر دادەبەزێت"

K24 – هەولێر

قۆناغێکی دیکەی شەپۆلی بەفر و بارانبارین هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: "قۆناغى دووەمى کاریگەرى ئەو شەپۆلەى رووى لە ناوچەکەمان کردووە، لە سبەى دووشەممەوە چالاک دەبێتەوە. رۆژى دووشەممە لە دواى نیوەڕۆ بارانبارین دەست پێدەکاتەوە، لە کاتەکانى شەودا بارانبارین زیاتر دەبێت و بارانى مامناوەندو هەندێ جار لێزمە باران دەبێت".

کەشناسی راشیگەیاند: "بەرەبەیانى رۆژى سێشەممە ئاستى دابارین زیاتر دەبێت. لەگەڵ هاتنى کاریگەرى ئەم شەپۆلە بارستە هەوایەکى سارد روو لە ناوچەکەمان دەکات  و بەفریش دەبارێت، پاشان کاریگەرى ئەم بارستە هەوایە ساردە زیاد دەکات  و ئاستى بەفربارین زیاتر دەبێت و زۆربەى ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەفرى دەبێت. بەفر و بارانبارین تا رۆژى چوارشەممە بەردەوامى دەبێت و هەندێ کات تەم دروست دەبێت و مەوداى بینین کەم دەکاتەوە. کاریگەرى ئەم شەپۆلە لە رۆژى پێنج شەممە کۆتاى دێت".

سەبارەت بە پلەی گەرما، کەشناسی ئەوەی خستووەتەڕوو: "نزم بوونەوەى پلەکانى گەرما بەردەوامى دەبێت رۆژی پێنج شەممە و هەینى لە ناوچە شاخاوییەکان پلەی گەرما بۆ ژێر سفر نزم دەبێتەوە و لە سەنتەرى پارێزگاکان لە سفر پلەى سیلیزى نزیک دەبێتەوە".

وەک کەشناسی پێشبینی کردووە، لە ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر ئاستى دابارینی بەفر زیاتر دەبێت لە چاو ناوچەکانى تر.