ئاهەنگ و کۆنسێرت لە عێراق قەدەغە دەکرێن

"بە فەرمانی پارتە ئیسلامییەکان"

کۆنسێرتی محەمەد رەمەزان لە عێراق
کۆنسێرتی محەمەد رەمەزان لە عێراق

K24 – هەولێر:

لە بێدەنگی حکومەتدا، بە فەرمانی پارتە ئیسلامییەکان ئەنجامدانی ئاهەنگ و کۆنسێرت لە عێراق قەدەغە کران و کۆمپانیایەکی عێراقیش ناچار کرا گرێبەستەکانی لەگەڵ کۆمپانیا عەرەبییەکاندا هەڵبوەشێنێتەوە، کە بڕیار بوو کۆنسێرت و ئاهەنگی میوزیکی بۆ چەند هونەرمەندێکی عەرەب رێکبخەن.

لە ماوەی هەفتەی رابردوودا سەدان خۆپیشاندەر لەبەردەم کۆمەڵگەی گەشتیاری "سندباد لاند" لە بەغدا بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر ئاهەنگە میوزیکی و کۆنسێرتەکان کۆبوونەوە و لەوێ نوێژیان کرد، دوایین کۆنسێرت کە لەماوەی رابردوودا ئەنجامدرا بۆ گۆرانیبێژ، محەمەد رەمەزانی میسری بوو.

بە گوێرەی میدیا عێراقییەکان، پارتە ئیسلامییە دەسەڵاتدارەکان هەڕەشەیان کۆمپانیایەکی تایبەت بە رێکخستنی ئاهەنگ و کۆنسێرت کردووە و ناچاریان کردوون کۆمەڵگە گەشتیارەکە دابخەن.

کۆمپانیایەکەش لە بەیاننامەیەکدا گوتی: "داوای لێبوردن لە هاووڵاتییە عێراقییەکان دەکەین، تەواوی ئاهەنگەکانمان هەڵوەشاندووەتەوە، لەگەڵ رێزمان بۆ هەموو سەردانیکەرێکی ئاهەنگەکانمان".

بەشێک لە خۆپیشاندەرانیش دەڵێن "مەراسیمی کۆنسێرت و ئاهەنگی گۆرانی وتن بەشێکە لە پلانی زایۆنیست بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگای عێراق".

 جێی ئاماژەیە لە ماوەی رابردوودا، رێبەری رەوتی سەدر رەخنەی لەو ئاهەنگانە گرت کە لە عێراقدا بۆ هونەرمەندە میسرییەکان ساز دەکرێن و گوتی: "ئەو جۆرە ئاهەنگانە لەگەڵ ئایین و باوەڕ و نۆرمی کۆمەڵگەکەمان ناگونجێت و دوورە لە مامەڵەکردنی عەقڵانی و خۆشەویستی نیشتمان".

H.H