یانەی هەولێر حەوت یاریزانی نوێ دەگوازێتەوە ریزەکانی

پێکهاتەی یانەی هەولێر
پێکهاتەی یانەی هەولێر

یانەی هەولێر دوای ئەوەی نزار مەحروسی وەکو راهێنەری یانەکەی دەستنیشانکرد، لەگەڵ حەوت یاریزان لەگفتوگۆدایە و دەیەوێت بیانگوازێتەوە ریزەکانی.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، یانەی هەولێر دوای گۆڕینی راهێنەر دەیەوێت گۆڕانکاریی گەورە لە تیپەکەیدا بکات، جگە لە فرانکۆ ئۆچۆ یاریزانی تۆگۆیی سەرجەم یاریزانە پیشەگەرەکانی دیکەی بەڕێ دەکات و چوار یاریزانی پیشەگەری نوێ دەباتە ریزەکانی.

لەسەر داوای نزار مەحرووس یانەی هەولێر لەگەڵ یاریزانێکی سووری و دوو یاریزانی ئوردنی لەگفتوگۆدایە و چاوەڕێ دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوو بەفەرمی گرێبەستەکانیان واژۆ بکەن و ببنە یاریزانی یانەکەی قەڵاومنارە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کوردستان24 دەستی کەوتوون، یانەکەی پایتەخت لەگەڵ یاریزانێکی ئەفریقی لەگفتوگۆدایە کە ئەو یاریزانە ئەفریقییە یەکێکە لە باشترین یاریزانە پیشەگەرەکانی خولی نایابی عێراق و رەزامەندیی دەربڕیوە گرێبەست لەگەڵ یانەکە واژۆ بکات، یانەی هەولێر لەگەڵ سێ یاریزانی عێراقیش لەگفتوگۆدایە بۆ ئەوەی پەیوەندیی بە یانەکە بکەن.

راهێنەرە سوورییەکە لەبارەی چارەنووسی یاریزانەکانی ئێستای یانەی هەولێر بڕیاریداوە تا دوای یاریی قاسم هەڵسەنگاندن بۆ یاریزانەکان بکات و دوای یاریی قاسم لیستی ناوی ئەو یاریزانانە بداتە دەستەی کارگێڕی بۆ ئەوەی لە یانەکە بەڕێ بکرێن.

یانەی هەولێر بە کۆکردنەوەی 8 خاڵ پلەی نۆزدەمی ریزبەندیی خولی نایابی عێراقی و لە ناوچەی دابەزین بۆ ریزی یانە پلە یەکەکان دایە.