سەرۆکی یانەی هەولێر: چوار ملیار دینار قەرزی کەلەکەبوومان بۆ ماوەتەوە
سەرۆکی یانەی هەولێر دەڵێت 'یانەکەمان چوار ملیار دینار قەرزی کەلەکەبووی لەسەر ماوەتەوە'، ئەمینداریی دارایی یانەکەش دەڵێت 'بەهۆی ئەوەی پێشتر پارەی گرێبەستەکەی پێنەدراوە، ئەیوب ئەدیشۆ راهێنەری پێشووی یانەکەمان سکاڵای تۆمارکردووە و دەبێت 390 ملیار دیناری بدرێتەوە'.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەلید عارەب سەرۆکی یانە، محەمەد خۆشناو جێگری دووەمی سەرۆکی یانە، ئاڵا دێدەوان ئەمینداریی دارایی، ئەحمەد شکور و دیدار حامید و موفەق یونس ئەندامانی دەستەی کارگێڕی باسی دۆخی ئێستای یانەکەیان کرد، سەرۆکی یانەکە لە دەستپێکی قسەکانیدا گوتی 'ئێستا یانەکەمان چوار ملیار دینار قەرزارە و ئەمەش قەرزی کەلەکەبووی پێشووی یانەکەمانە و ئێمە ناتوانین ئەم قەرزە بدەینەوە، تەنیا لەو رۆژەوەی دەستبەکاربووین بەرپرسیارەتی یانەکە لە ئەستۆ دەگرین، لەو ماوەیەی دەستبەکاربووین تەنیا لە ماوەی 27 رۆژدا دوو مووچەی یانەکەمان داوە'.
هەروەها سەرۆکی یانەی هەولێر گوتیشی 'ئێمە لەسەر بەڵێنی خۆمان ماوین و سوورین لەسەر ئەوەی چاکسازی لەناو یانەی هەولێر بکەین و یانەکە بگەڕێنینەوە سەردەمی زێڕینی، ئێمە چەند لێژنەیەکمان پێکهێناوە لە یانەکەمان بۆ ئەوەی شەفافانە یانەکە بەڕێوە ببەین'.
ئاڵا دێدەوان، ئەمینداریی دارایی یانەی هەولێر لەبارەی دۆخی دارایی یانەکە گوتی 'کۆ گشتی داهاتی مانگانەی یانەکەمان ئێستا 100 ملیۆن دینارە، لەکاتێکدا خەرجی مانگانەی ئێمە 170 ملیۆن دینارە، بەهۆی ئەوەی دەستەی کارگێڕی پێشووی یانەکەمان پارەی گرێبەستەکەی بە ئەیوب ئەدیشۆ نەداوە ئێستا ئەو راهێنەرە سکاڵای لەسەر یانەکەمان تۆمارکردووە و دەبێت 390 ملیۆن دیناری بدەینەوە، ئێمە نەهاتووینە سەر یانەیەک لە خاڵی سفرەوە دەستپێبکەینەوە، بەڵکو ئێمە لە خوار سفر لە سالب چوارەوە دەستمان پێکردووە'.
دیدار حامید، ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر لەبارەی بەدواداچوونەکانیان بۆ ئەو گرێبەستانەی کە یانەکە لەگەڵ دوکان و رێستۆرانت و مۆڵەکان کردوویەتی گوتی 'دوو ساڵ پێشوەختە کرێی رێستۆرانتی تودەی وەرگیراوە کە بڕەکەی 21 دەفتەر و 60 وەرەقەیە، هۆڵی لەشجوانی یانەش بۆ ماوەی 19 مانگ بەکرێ دراوە و پێشوەختە کرێیەکەی وەرگیراوە کە کرێیەکەی 70 هەزار دۆلارە، یاریگای بچووکراوەش بۆ ماوەی دوو ساڵ بەکرێ دراوە و کرێیەکەی 24 ملیۆن دینارە و پارەکەی وەرگیراوە، دوکانێکی دیکە لە یانەکەمان هەیە کە دوو ساڵە بەکرێ دراوە و هیچ پارەیەکی نەداوە، دوو دوکانی دیکەش لەبڕی قەرز بەکرێ دراوە، دوکانێکی دیکەش بەکرێ دراوە بەبێ ئەوەی هیچ گرێبەستێک و داهاتێکی ئەو دوکانە دیار بێت'.