سەیرترین لوت لە جیهاندا نەشتەرگەری جوانکاری بۆ کرا
6 ساڵە بەدوای چارەسەر دەگەڕێت
K24 - هەولێر:
هاووڵاتییەکی ئەمەریکی بەناوی "کونرادو ئیسترادا" بەهۆی شێوەی نائاسایی لووتیەوە، ناچار ببوو بەردەوام دەمامک بەکاربهێنێت.
بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی "روسیا تودەی"، کونرادو ئیسترادا تەمەنی 57 ساڵە و بەهۆی هەوکردنەوە لووتی شێوەیەکی نائاسایی هەیە و چەندین ساڵ بەهۆیەوە ناڵاندوویەتی.
لەکاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دواتریش بەردەوام دەمامکی بەکاردەهێنا، لەترسی ئەوەی گاڵتەی پێنەکرێت هەرگیز لە شوێنە گشتییەکان دەمامکەکەی دانەدەنا.
خۆشبەختانە رۆژێک بە رێکەوت چاوی بە د. تۆماس رۆمۆ دەکەوێت کە پسپۆڕی نەشتەرگەری جوانکارییە و بەڕێوبەری بەشی نەشتەرگەری جوانکاری دەموچاوە لە نەخۆشخانەی لێنۆکس هیل، د. تۆماس ڕۆمۆی بڕیار دەدات نەشتەرگەری بۆ بکات و کێشە تەندروستییەکەی بۆ چارەسەر بکات.
کونرادو لەبارەی نەشتەرگەرییەکەوە گوتی: "6 ساڵە سەردانی پزیشکان و پسپۆڕان دەکەم و هیچ باشبوونێکم بەخۆمەوە نەدی، تا د. تۆماس رۆمۆ منی بینی و باوەشی پیاکردم و گوتی کە یارمەتیم دەدات، لەو بڕوایەدام خودا فریشتەیەکی بۆ من ناردووە، من بەو جۆرە لە د. تۆماس دەڕوانم".