نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە پاریس: چیدیكه فریوی قاچاخچییهكان مهخۆن
"داواکارین روحی ئەم قوربانیانە نەکرێتە بابەتی موزایەدە و بە حزبیکردن"
K24 – ههولێر:
نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا روونكردنهوهیهكی تایبهت به پرسی گهڕاندنهوهی تهرمی قوربانیانی نۆكهندی ئینگلیز بڵاوكردهوه تێیدا رایگهیاند، چیدیكه فریوی قاچاخچییەکان مهخۆن و ئەو رێگا نایاسایی و پڕ مەترسییانە مەگرنەبەر.
ئهمه دهقهكهیهتی:
روونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی
سەر لەبەیانی رۆژی یەکشەمە رێکەوتی 26ـی کانوونی یەکەمی 2021، تەرمی 16 قوربانی رووداوەکەی نۆکەندی ئینگلیز لەرێگەی فرۆکەخانەی هەولێر گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان و رادەستی بنەماڵەکانیان کران.
هەر لە رۆژی یەکەمی رووداوەکە، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا لەگەڵ لایەنی فەرمی لە حکومەتی فەرەنسا کەوتە پەیوەندی و بەدواداچوون بۆ یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانەی کە لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکە بێسەرووشوێن بوون.
دوای دۆزینەوەی ژمارەیەک لە تەرمەکان، بەداخەوە دەرکەوت کە 16 لە قوربانیانەکان هاونیشتمانی هەرێمی کوردستانن بۆیە لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی فەڕەنسا داوای بەڵگەنامە و پەنجەمۆری ئەو قوربانیانەی لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا کرد.
بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بە نووسراوێکی فەرمی لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە پەنجەمۆری ئەو قوربانیانەی بۆ ناردین و ئێمەش رادەستی تیمی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و پزیشکی دادییمان کرد، بەردەستبوونی پەنجەمۆرەکان ئاسانکاری تەواوی کرد بۆ ناسینەوەی ناسنامەی قوربانییەکان، دوای تەواوبوونی رێكکارە یاساییەکان رۆژی چوارشەممە 15ی کانوونی یەکەمی2021 لە نەخۆشخانەی شاری لیل بەڵگەنامە فەرمییەکانی هەر 16 تەرمەکە رادەستی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا کرا و بە سوپاسەوە باڵیۆزخانەی عیراقی فیدڕاڵ لە پاریس هاوکار بوون لە پەسەندکردن (تەسدیق)کردنی دیکیۆمێنتەکان.
دواتر لەسەر راسپاردە و ئەرکی نووسینگەی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێم، پرۆسەی گەڕاندنەوەی تەرمەکان لە رێگەی بەشی کارگۆی هێڵی ئاسمانی تورکی ئەنجامدرا و لە بەرەبەیانی رۆژی 26ـی کانوونی یەکەم تەرمی قوربانییەکان گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی هەولێر، دوای واژووکردنی دیکیۆمێنتی گەیشتن و تەواوکردنی رێكکارە یاساییەکان لە فڕۆکەخانە لەلایەن نوێنەری فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر 16 تەرمەکە لە کارگۆی فڕۆکەخانەی هەولێر رادەستی کەسوکاریان کرانەوە و لە رێگەی ئامبوڵانسەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم، تا دوا مەنزڵگایان بەڕێکران.
نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی گشت ئەو لایەن و رێکخراو و دەزگا و کەسانە دەکات کە خەمخۆرانە لە هەوڵی ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەم قوربانیانەدابوون، ئەرک و ماندووبوونیان بەرزدەنرخێین بەڵام هاوکات داواکارین روحی ئەم قوربانیانە نەکرێتە بابەتی موزایەدە و بە حزبی کردن و هیچ مەرامێکی دیکە.
جارێکی دیکە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانییانی ئەو رووداوە دەکەین و هیوادارین چیدیکە نەبینە شاهیدی رووداوی هاوشێوە و داواش لە هاونیشتیمانیان بەتایبەتی گەنجەکانمان دەکەین، چیدی فریوی قاچاخچییەکان نەخۆن و ئەو رێگا نایاسایی و پڕ مەترسییانە نەگرنەبەر بەمەبەستی کۆچ.
نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا
27-12-2021