بایدن بوودجەی 768 ملیار دۆلاری بەرگریی نیشتمانی پەسەند کرد

پێشتر لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانەوە پەسەند کرابوو

K24 - هەولێر

سەرۆکی ئەمەریکا، جۆو بایدن، یاسای پێدانی دەسەڵاتی بەرگریی نیشتمانی (NDAA)، کە لە کۆنگرێس تێپەڕی و خەرجیی سەربازی ساڵی دارایی 2022 لە خۆدەگرێت، پەسەند کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆشکی سپی، بایدن، یاسای پێدانی دەسەڵاتی بەرگریی نیشتمانی (NDAA)، کە دوای مشتومڕێکی زۆر لە کۆنگرێس پەسەند کرا، واژۆکرد.

یاسای پێدانی دەسەڵاتی بەرگریی نیشتمانی (NDAA)، کە 740 ملیار دۆلاری بوودجەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)ـە، 27،8 ملیار دۆلاری بوودجەی خەرجییەکانی بەرگریی ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی وزەیە و 400 ملیۆن دۆلار خەرجییەکانی دیکەی بەرگریی و کۆی گشتی 768،2 ملیار دۆلار لە خۆدەگرێت، لەگەڵ واژۆکەی بایدن دا بوو بە یاسا.

یاسای پێدانی دەسەڵاتی بەرگریی نیشتمانی (NDAA)، لە 7ی کانوونی یەکەم لە ئەنجومەنی نوێنەران و لە 15ی کانوونی یەکەمیش لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە پەسەند کرابوو.

سەرچاوە: aa