تورکیا دۆسیەیەک دژی پەروین بوڵدان دەکاتەوە

لێپرسینەوە لەگەڵ هاوسەرۆکی هەدەپە دەکات

K24 - هەولێر

داواکاری گشتی ئیزمیر، بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە دادگا دۆسیەیەکی لێپرسینەوە لە دژی پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە کردەوە.

رۆژی 29/12/2021،  لە دادگای سزا قورسەکانی ئیزمیر یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی بکوژی دەنیز پۆیراز، بەڕێوەچوو، لە دانیشتەکەدا هاوسەرۆکی هەدەپە رەخنەی لە دەستەی سەرۆکایەتی دادگاکە گرت و رایگەیاند "بکوژەکە لە منبج راهێنانی وەرگرتووە و ئەندامی داعش بووە، نابێ دادگا بە شێوەیەکی نەرم مامەڵەی لەگەڵدا بکات و دەبێ وەک کەسێکی بکوژ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت".

لەسەر ئەم قسانەی داواکاری گشتی ئیزمیر دۆسیەی لێپرسینەوە لە دژی پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە کردەوە، هەروەها لە دژی ئەو کەسەی کە لەنێو دادگا قسەکانی پەروین بوڵدانی تۆمارکردووە و بڵاویکردووەتەوە دۆسیەی لێپرسینەوەی کرایەوە.

هاوکات دۆسیەی دادگاییکردنی بکوژی دەنیز پۆیراز، کچە کوردی ئەندامی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە هێرشێکدا لەنێو بارەگای هەدەپە لە ئیزمیر کوژرابوو، بۆ 24ی مانگی داهاتوو دواخرا.

Fly Erbil Advertisment