بایدن و پوتن به ته‌له‌فۆن له‌باره‌ی ئۆكرانیاوه قسه‌یانكرد
"ئه‌گه‌ر رووسیا هێرش بكاته سه‌ر ئۆكرانیا، واشنتن به‌رپه‌چی ده‌داته‌وه"
K24 – هه‌ولێر:
جۆ بایدنی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا به‌ته‌له‌فۆن په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی سه‌ر سنووری ئۆكرانیایان تاوتوێكرد.
به‌رپرسێكی كۆشكی سپی رایگه‌یاند، بایدن له ئێستادا له ویلایه‌تی دیلاوێر خه‌ریكی به‌سه‌ربردنی پشووی سه‌ری ساڵه، په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی 50 ده‌قیقه‌یی له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا، ئه‌نجامدا.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی كۆشكی سپی راشیگه‌یاند، بایدن له‌و په‌یوه‌ندییه تهلهفۆنییهیدا بژارده دیپلۆماسییه‌كانی له‌باره‌ی دۆسییه‌ی ئۆكرانیا و بڵاوه‌پێكردنی سوپای رووسیا له‌م سنووره خسته روو.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی كۆشكی سپی ده‌شڵێت،"ئه‌گه‌ر رووسیا هێرش بكاته سه‌ر ئۆكرانیا، واشنتن به‌رپه‌چی ده‌داته‌وه". گوتیشی: "ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی بڵاوپێكردنی سوپای رووسیا له‌سه‌ر سنووری ئۆكرانیا نیگه‌رانه و داوا ده‌كات ئه‌و هێزانه بگه‌ڕێنه‌وه شوێنی جارانی خۆیان.
پۆتن له‌م په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه رایگه‌یاند، له پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتمانییه‌كانی هه‌ردوو لا، ده‌توانین به‌م ئاڕاسته‌یه كار بكه‌ین گفتوگۆی (رووسی – ئه‌مه‌ریكی) له‌باره‌ی دۆسییه‌ی ئۆكرانیا ده‌ستپێبكات.
دیمیتری بیسكۆف، گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری رووسیا رایگه‌یاند، ده‌توانین له داهاتوودا كێشه‌كانی نێوان واشنتن و مۆسكۆ به خێرایی چاره‌سه‌ر ببن.