رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا بهرزترین ئاستی تۆماركرد
رێژهكه له 20%ـهوه بۆ زیاتر له 36% بهرزبووهتهوه

K24 - ههولێر:
ئاژانسی رۆیتەرز بە پشت بەستن بە دەزگا فەرمییەکانی تورکیا رێژەی هەڵاوسانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە، لە راپۆرتەکەی رۆیتەرزدا هاتووە، رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکە ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد و لەسەر ئاستی ساڵانە بۆ سەدا 36.08 بەرزبووەوە.
به گوێرهی راپۆرتهكه، ئهو ههڵاوسانهی بازاڕهكانی توركیا ئاستێکی پێوانەیه و لە دوو دەیەی رابردوودا، واتە لە ساڵی 2002ـەوە لە وڵاتەکە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە.
ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوەداوە، بەرزبوونەوەی ئەو رێژەیە حەوت هێندەی ئامانجی یەکەمی حکومەتی تورکیایە، بە تایبەت دوای داکەوتنی بەهای لیرە، کە لەماوەی ساڵێکدا سەدا 45ـی بەهاکەی بەرامبەر دۆلار لەدەستدا.
ئەمە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی راپرسییەکی ئاژانسی رۆیتەرز، پێشبینی دەکرا رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا بۆ سەرووی سەدا 30 بەرزبێتەوە، کە لە ساڵی 2003ـەوە نرخی کاڵاکان لە وڵاتەکە بەو شێوەیە بەرز نەبووەتەوە.
لە دوایین داتاکانی چەند مانگی رابردووی دەزگای ئاماری تورکیادا هاتبوو، رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکە گەیشتووەتە سەدا 20، بە تایبەت دوای ئەوەی بانکی ناوەندی تورکیا بە پاڵپشتی سەرۆک کۆماری وڵاتەکە نرخی سوودی بە بڕی 500 خاڵی سەرەکی بۆ سەدا 14 دابەزاند.
دوای ئەو دابەزاندنە بەهای لیرە بە شێوەیەکی بەرچاو داکەوت، بەرامبەر دۆلارێکی ئهمهریكی ئاستی 18 لیرەی تێپەڕاند، بەڵام دواتر "رەجەب تەیب ئەردۆغان" چەند رێوشوێنێکی بۆ رێگریکردن لە داکەوتنی زیاتری بەهای لیرە راگەیاند و وایکرد بەهای دراوی تورکی بۆ ئاستی 10 لیرە بەرامبەر دۆلارێک بەرزبووەوە.