شاندی هاوبه‌شی پارتی و یه‌كێتی گه‌یشته به‌غدا
له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار كۆده‌بنه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
شاندی هاوبه‌شی پارتی دیموكراتی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی هۆشیار زێباری و شاندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی عیماد ئه‌حمه‌د گه‌یشتنه به‌غدا.
بڕیاره له به‌غدا هه‌ردوو شاند به یه‌كه‌وه تاوتوێی كارنامه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ به‌غدا و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان بكه‌ن.
له به‌رایی كارنامه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یاندا، شانده هاوبه‌شه‌كه له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، سه‌رۆكی كۆماری عێراق كۆده‌بنه‌وه.
به گوێره‌ی زانیاری په‌یامنێری كوردستان24 له به‌غدا، پارتی و یه‌كێتی تاوتوێی كارنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان ده‌كه‌ن.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، پرسی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیتیحادی، پشكی كورد له سوپا، پشكی هه‌رێم له بودجه، مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراق، بودجه‌ی هێزی پێشمه‌رگه، پشكی كورد له كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق و پۆستی سه‌رۆك كۆمار تاوتوێ بكه‌ن و به‌یه‌كه‌وه له باره‌ی ئه‌و پرسانه‌وه هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش گه‌ڵاڵه بكه‌ن.
بڕیاره رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو (9ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2022)، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به سه‌رۆكایه‌تی به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندامی، یه‌كه‌م دانیشتنی خۆی به‌ڕێوه‌به‌رێت.
له دانیشتنه‌كه‌دا، ئه‌ندامانی نوێی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران سوێندی یاسایی ده‌خۆن و رێكاره‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێی ئه‌نجوومه‌نه‌كه ده‌گیرێنه به‌ر.
به گوێره‌ی نه‌ریتی باوی سیاسی له عێراقی دوای رووخانی به‌عسدا، پۆستی سه‌رۆك كۆماری پشكی كورده، پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران پشكی شیعه و پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران پشكی سوننه‌یه.
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، وه‌ك براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی گشتیی عێراق، كه له 10ی ئۆكتۆبه‌ری رابردوودا به‌ڕێوه‌چوو، هه‌وڵه‌كانی چڕ كردووه‌ته‌وه بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ.
سه‌در، درووشمی "حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانی" به‌رز كردووه‌ته‌وه و ده‌یه‌وێت كابینه‌یه‌كی بنكه فراوان پێكبهێنێت، كه ئه‌ركی یه‌كه‌می خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له په‌یامه‌كانیدا ئاماژه‌ی پێداوه.
پارتی دیموكراتی كوردستان 31 كورسی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌یه، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیش 17 كورسی هه‌یه و به هه‌ردووكیانه‌وه 48 كورسی نوێنه‌رانیان هه‌یه.
هاوڕێك له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی، هه‌ریه‌ك له نه‌وه‌ی نوێ به 9 كورسی و یه‌كگرتووی ئیسلامی به 5 كورسی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان به یه‌ك كورسی به‌شدارن له پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و یه‌كشه‌ممه له دانیشتنی نوێنه‌راندا ئاماده ده‌بن.
ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له 329 كورسی پێكدێت و ئه‌و نوێنه‌رانه له 83 بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن و له 18 پارێزگای عێراقه‌وه هه‌ڵبژێردراون.