53 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شێخ ئەحمەد بارزانی تێدەپەڕێت
شێخ ئەحمەد بارزانی، یەكێک لە گەورە زانا و هەڵگرانی هزری مرۆڤایەتی و نیشتمانپەروەری و ژینگەپارێزی کوردستان بوو

K24 - هەولێر
یەكێک لە گەورە زانا و عارف و هەڵگرانی هزری مرۆڤایەتی و نیشتمانپەروەری و ژینگەپارێزی لە کوردستان، شێخ ئەحمەد بارزانییە. شێخ ئەحمەد لە ساڵی 1896 لە دەڤەری بارزان و لە خانەوادەیەكی كوردپەروەر و ناودار لە دایکبووە، دوای شەھیدبوونی شێخ عەبدولسەلام بارزانی براگەورەی، شێخ ئەحمەد شوێنی ئەوی گرتەوە و درێژەی بە بزووتنەوەی بارزان و خەباتی مرۆڤایەتی و شوڕشگێری دا، هەروەها لە سەردەمی ئەودا چاکسازی کۆمەڵایەتی کرا و خەڵکی لەسەر تەحەممولکردن و سەر نەوینەکردن بۆ هیچ ستەمکار و زۆردارێک رادەهێنا. شێخ ئەحمەد بارزانی دوای تێكچوونی باری تەندروستی لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا لە 11ی كانوونی دووەمی 1969 كۆچی دوایی كرد.
شێخ ئەحمەدی بارزانی، دوای شەھیدبوونی براگەورەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی، رابەرایەتی بزووتنەوەی بارزان دەكەوێتە سەرشانی، كە ئەمەش ھاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی جیھانی یەكەم كە لە ئەنجامی ئەم شەڕە جیھانییە سەرەڕای ئەو ھەلومەرجە سەختەی كە بزووتنەوەی بارزان تێیكەوت، ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی كەوتە بەردەم گۆڕانكاری گەورە بە تایبەت لە رووی جوگرافی سیاسی.
كورد و كوردستان لە ئەنجامی ئەم گۆڕانكاریانە زەرەرمەندی سەرەكی بوون، ئەویش بەھۆی پارچە بوونی كوردستان لە دوو پارچەوە بۆ چوارپارچە، ھەروەھا ئەو فشار و گوشارانەی كەوتنە بەردەم بزووتنەوە و شۆڕشەكانی گەلی كورد لە ھەرچوار پارچەی كوردستان، تاڕادەی سەرکوتکردن و دامركانەوە چوون، لەوانە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شۆڕشی ئاگری لە باكووری کوردستان، شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید لە باشووری کوردستان و شۆڕشی سمكۆی شكاك لە رۆژھەڵاتی کوردستان.
لەم ھەلومەرجەدا بارزان بە رابەرایەتی شێخ ئەحمەدی بارزانی، بووە جێگای ئومێد و ھیوای گەلی کوردستان، سەرەڕای ئەو دۆخە ناھەموارەی، كە خودی بزووتنەوەی بارزان لە ئەنجامی شەھیدبوونی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و زوڵم و ستەمی دوژمنانی كورد و كوردستان تێیكەوتبوو. لە ھەمانكات بووە تەنیا ئومێدی بەھاناوە چوون و داڵدەدانی شۆڕشگێران و لێقەوماوانی سەرجەم پێکاهاتە ئاینیی و نەتەوەییەکان.
رۆڵی رۆحانییەتی شێخ ئەحمەدی بارزانی، بوو بە ناوەندێكی بەھێزی ئیلھام بەخش بۆ شۆڕشگێرانی بارزان و شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە رابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی، كە بارزان ھەمیشە ببێتە كەشتی نەجاتی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی كورد لە قۆناغە سەختەكانی مێژووییدا، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ رێبازی رەوشت بەرزی، لێبوردەیی و یەكسانخوازی بزووتنەوەی بارزان لە پشتگیری خەڵكی ھەژار و ستەم لێكراو و حەقانییەتی ئەو رێبازە بۆ دەستخستنی مافی حەقخوراوان و پەناگەیەکی ئارام بۆ هەموو لێقەوماوان و ژینگەیەکی ئارام بۆ سەرجەم نەتەوە و ئایینەکان.
ئەم رێبازە بوو بە بنەمای كاری رابەرایەتی كردن لە بواری سیاسی و كۆمەڵایەتی و كولتووری، بۆ ئەمڕۆی دۆزی كورد و لە ھەمانكات وەكو ئەزموونێكی كارا و دەوڵەمەند، بۆ ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ھەرێمی كوردستان، لەسەر دەستی رابەری ئەمڕۆی گەلی كوردستان سەرۆك مەسعود بارزانی، كە درێژەپێدەری ئەم رێبازەیە و لەبارەی ھیوا و ئومێدی خەڵكی كوردستان، بۆ گەیشتن بە كەناری ئارامی و كامەرانی ھەمان میراتگری ئەم رێبازەیە.