بەهۆی تاوانەكانی حەشدی شەعبی شەڕی تایفی لە عێراق سەرهەڵدەدات
دۆخەكە لە دەست حكوومەتی عێراق دەرچووە
K24 - ھەولێر
دوای ئەوەی چەندین لایەن و رێكخراو بەشێك لە پێشێلكارییەكانی حەشدی شەعبیان دژ بە سوننەكان لە عێراق خستەڕوو، موفتی سوننەكانى عێراق، رایگەیاند: "بەهۆی تاوانەكانی حەشدی شەعبی، شەڕی تائیفی لە عێراق سەرهەڵدەدات".
شێخ رافع تەها رفاعی موفتی سوونەكان لە عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند:" ملیشیاكانی حەشدی شەعبی و چەكدارانی ئێرانی هاوڵاتیانی فەللوجە ئەشكەنجە دەدەن و دەیان ترسێنن".
رفاعی گوتی: "شیعەكان دەیانەوێت بەتەواوی فەللوجە وێران بكەن، ئێستاش دۆخەكە لەدەست حكوومەتی عێراق دەرچووە".
لە بەیاننامەکەدا موفتی سوننەکان، ئاماژەی بۆئەوە کرد، ئەگەر تاوانەكانی حەشدی شەعبی و چەكدارە ئێرانییەكان بەردەوام بێت ئەوا دەرگای شەڕی تائیفی لە عێراق دەكاتەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە لە چەند رۆژی رابردوودا ھەندێك لە ناوەكانی راگەیاندن و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ حەشدی و شەعبیان بە ئەنجامدانی تاوان دژ بە سوننەكان تۆمەتباركرد.