بانگەوازێک لە کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی
"پشتیوانی کردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و پاراستنی قەوارە سیاسیی و دەستوورییەکەی"

K24 - هەولێر:
کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی بانگهوازێكی بڵاوكردهوه، تێیدا هاتووه، توانیمان بۆ یەکەمین جار کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان و رووسیا و قەوقاز، لە ژێر ئاڵای پیرۆزی کوردستان و لە کوردستانێکی ئازاددا کۆ بکاتەوە.
دهقی بانگهوازهكه:
بە مەبەستی یەکخستنی گوتار و ستراتیژی هاوبەش و یەکدەنگی و تەبایی ریزەکانی کوردانی تاراوگە، ناوەند و کۆمەڵە و فیدراسیۆنەکانی ئەندام، یەکەمین کۆنگرەی دامەزراندنی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە رۆژانی 4 بۆ 6ـی مانگی 12-2021، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی رێبەری کوردستان، جەنابی سەرۆک بارزانی، لە کەشێکی تەواو دیموکراسیدا، بەڕێوە برد.
کۆنگرە توانی بۆ یەکەمین جار کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان و رووسیا و قەوقاز، لە ژێر ئاڵای پیرۆزی کوردستان و لە کوردستانێکی ئازاددا کۆ بکاتەوە، بڕیاریدا، دەرگای هاوکاری، دیالۆگ، هاوئاهەنگی و تەبایی بە رووی هەموو ئەو رێکخراو، کۆمەڵە، فیدراسیۆن، کەسایەتییە نیشتیمانی و دڵسۆزانەدا، واڵا بکات، بە مەبەستی کۆبوونەوە لە ژێر چەتری ئاڵای پیرۆزی کوردستاندا، بۆ زیاتر خزمەتکردنی رەوەندی کوردستانی و دۆزی رەوای گەلەکەمان، ببینە پردێکی پتەوی پەیوەندی لەگەڵ نیشتیماندا.
بۆیە لە سۆنگەی خەمخۆری و دڵسۆزیمان بۆ یەکڕیزی و تەبایی و کاری پێکەوەیی، رێگهگرتن لە پەرتەوازەیی و لێکترازان و دابەشبوونی رەوەندی کورد، بانگهێشتی هەموو رێکخراو و کەسایەتیی و کۆمەڵە و فیدراسیۆنە دڵسۆز و کوردستانییەکان دەکەین بۆ دیالۆگێکی نیشتیمانی و کراوە، لە پێناو رێکخستن و دیاریکردنی ئەرکەکان و دانانی پلانی هاوبەش.
بە مەبەستی:
1-کار و خەباتی جیددی بۆ خۆ رێکخستن و کۆکردنەوەی هەموو دڵسۆز و وڵات پارێزانی تاراوگە.
2-رێکخستنی کار و چالاکییەکانمان لە چوارچێوەی یاسا و رێساکانی ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین دوور لە هەر کارێکی دژ بە یاسا.
3-هاندانی گەنجانمان بۆ خوێندن و خۆپێگەیاندن، دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ فێرکردنی منداڵانمان بە زمان و کولتوور و دیرۆکی گەلەکەمان.
4-درووستکردنی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ رەوەندی نەتەوەکانی دیکە.
5-هەوڵدانی جددی بۆ بە دەستهێنانی زۆرترین دۆست بۆ گەلەکەمان، بە مەبەستی پشتیوانیکردنی لە بە جینۆسایدناساندن و ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجام دراون.
6-پشتیوانی کردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و پاراستنی قەوارە سیاسیی و دەستوورییەکەی.
کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی