نرخی نەوت بۆ بەرزترین ئاستی حەوت ساڵی رابردووی بەرزدەبێتەوە

نرخی نەوت بۆ سەرووی 87 دۆلار بەرزبووەوە

نرخی نه‌وت به‌رزبووه‌وه‌
نرخی نه‌وت به‌رزبووه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

بۆ یەکەمجار لە دوای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2014ـەوە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ سەرووی 87 دۆلار بەرزبووەوە.

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بە رێژەی سەدا 1.65 بۆ 87.91 دۆلار بەرزبووەوە.

هەروەها نرخی بەرمیلێك نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساس بە رێژەی سەدا 1.81 بۆ 85.37 دۆلار بەرزبووەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ئایاری ساڵی رابردووەوە، بۆ رێکخستنی بازاڕی وزە، هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس رێککەوتن بۆ کەمکردنەوەی 9.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە، کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە خواست لەسەر نەوت کەمبووەوە، دواتر لە مانگی ئابی ساڵی رابردووەوە رێککەوتن بۆ هەر مانگێک 400 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر بخەنە بازاڕەوە، پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی مانگی ئەیلوول خستنەڕوو بگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی.

هەروەها پێشبینی دەکرێت بەهۆی بە‌هێزی خواست بۆ نەوت، لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاو بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرزبێتەوە.