حەشدی نیشتمانی بەشداریکردنی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ رەتدەكاتەوە
K24 - ھەولێر
ئەسیل نوجێفی فەرماندەی حەشدی نیشتیمانی و پارێزگاری پێشووی نەینەوا رایگهیاند، ئەگەر چەکی پێویست بە حەشدی نیشتمانی بدرێت ئەوا دەتوانێت ببێتە هاوکارێکی چالاکی سوپای عێراق لە شەڕی کۆنتڕۆڵکردنهوهی مووسڵ.
نوجێفی روونیکردەوە، حەشدی وەتەنی جێگرەوەی حەشدی شەعبیە لە شەڕی مووسڵ و هیچ پێویستییەک به بەشداریکردنی حەشدی شەعبی لەو شەڕەدا ناكات.
لەلایەکی دیکەوە نوجێفی داوای هەماهەنگی زیاتری نێوان عەرەبی سوننە و کوردانی هەرێمی کوردستان دهكات، بۆ ئەوەی لە شەڕی مووسڵ سەرکەوتنی خێرا بەدەست بهێنن.
ئەمە لە كاتێكدایە كە بە گوێرەی زانیارییەكان ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ لە بندەستی داعش نزیك بووەتەوە، لە ئێستاشدا سوننەكان رایانگەیاندووە، چەكدارانی حەشدی شەعبی لە دەوروبەری فەللوجە پێشێلكاریان بەرامبەر بە ھاوڵاتیانی سوننە كردووە و بۆیە لە ئێستاوە دەڵێن نابێ لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ بەشداری بكەن.