نەتەوە یەکگرتووەکان هەلی کار دەداتە ئەنگێلا مێرکڵ
ئەنگێلا مێرکڵ یەکەم هەلی کاری پێشکەش کرا

K24 - هەولێر:
راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ، دوای ماوەیەکی کەم لە وازهێنانی لە پۆستەکەی، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەلی کاری پێشکەش کرا.
ئاژانسی هەواڵی "DPA" ئەڵمانی بڵاویکردەوە، ئەنتۆنیۆ گێتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، مێرکڵی بانگهێشت کردووە بۆ کار کردن لەو رێکخراوە نێودەوڵەتیە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئەنتۆنیۆ گێتێرێس لە نامەیەکدا ئەو پێشنیارەی بۆ مێرکڵ کردووە، بەڵام تا ئێستا نامەکە وەڵام نەدراوەتەوە.
بەڵام بەگوێرەی ئاژانسەکە، لەناو رێکخراوەکەدا دەنگۆیەک هەیە کە دەڵێت پێناچێت راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا ئەو پێشنیاری دامەزراندنە قبوڵ بکات.
نەتەوە یەکگرتووەکان رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە کە نزیکەی ھەموو وڵاتە سەربەخۆکانی جیھانی لەخۆ گرتووە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 24ی تشرینی یەکەمی 1945، لە شاری سانفرانسیسکۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا دامەزراوە.
ئەنگێلا مێرکڵ لە 17ـی تەممووزی 1954 لە ھامبۆرگ لە باکووری ئەڵمانیا لەدایکبووە، مێرکڵ لە شاری بەرلین ژیاوە و لە ناوەندی فیزیا و کیمیای شارەکە خوێندوویەتی پلە یا بڕوانامەی دکتۆراشی وەرگرتووە.
یەکێک بووە لە کاندیدەکانی یەکێتیی دیموکراتی مەسیحی، لە 22ـی تشرینی دووەمی 2005 تاوەکوو 8ـی کانوونی یەکەمی 2021 راوێژکاری ئەڵمانیا بوو. مێرکڵ یەکەم ژنە کە ئەو پۆستەی وەرگرتووە.
H.H