لە سنە 60 هەزار کەس نەخوێندەوارن

K24 - هه‌ولێر:

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند 60 هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەم پارێزگایە بە تەواوی نەخوێندەوارن.

رەشید قوربانی، بە ئاژانسی هه‌واڵی "فارس" نیوزی راگەیاند، ساڵی رابردوو 68 هەزار نەخوێندەوارمان هەبوو، بەڵام دوای ئەو هەوڵانەی ئەنجام دران، ئەم رێژەیە بۆ 60 هەزار نەخوێندەوار دابەزیوە.

قوربانی، گوتیشی: "ئەم نەخوێندەوارانە لە تەمەنی 10 تا 49 ساڵی دان".

بەڕیوەبەری پەرەوەردەی پارێزگای سنە هەروەها گوتی: "ئەمساڵ هەوڵ دەدەین 10 هەزار کەس فێری خوێندن و نووسین بکەین، بۆ ئەم کارەش پێویستمان بە هاوبیری و هاوکاریکردنی ئیدارەکانی دیکەی پارێزگاکە هەیە".

ئەمە لە کاتێکدایە پارێزگای سنە لە سەردەمی حکوومەتی پاشایەتییەوە تا ئێستا پرۆگرامی خوێندوارکردنی گەورەساڵانی تێدا بەردەوامە.