وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌ ئۆنلاین وه‌رگێڕانی بڕوانامه‌ بۆ قوتابیان ده‌كات

"پێشتر بۆ وەرگێڕانی بڕوانامەی قوتابی ماوەی (2 تا 3) هەفتەی پێویست بوو، ئێستا ته‌نیا به‌ (6) خوله‌ك ته‌واو ده‌بێت"

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌ ئۆنلاین بڕوانامه‌ بۆ سه‌ر زمانه‌كانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی وه‌رده‌گێڕێت
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌ ئۆنلاین بڕوانامه‌ بۆ سه‌ر زمانه‌كانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی وه‌رده‌گێڕێت

K24- هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، رۆتینیان كه‌مكردووه‌ته‌وه‌ و ئاسانكارییان بۆ مامه‌ڵه‌ی وه‌رگێڕانی بڕوانامه‌ قوتابیان كردووه‌ و له‌ ماوه‌ی ته‌نیا (6) خوله‌ك مامه‌ڵه‌كه‌یات ته‌واو ده‌كرێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌دا هاتووه‌: پێشتر بۆ وەرگێڕانی بڕوانامەی قوتابی بۆ زمانی (ئینگلیزی و عەرەبی)، بۆ ئەنجامدانی کارەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئەزموونەکان، جگە لە تێچوویەکی زۆری هاتووچۆ لەسەر سەردانیکاران و ماوەی (2 تا 3) هەفتەی پێویست بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بووایه‌ (7) جار سه‌ردانی شوێنی جیاوازی بكردبوویایه‌و تا مامه‌ڵه‌كه‌ی ته‌واو ده‌كرێت.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، ئێستا بە تەکنیکێکی بەرز و ستافێکی شارەزا لە رێگەی سیستمی (ئی پەروەردە E- Parwarda) بە ماوەی (6) خولەك وەرگێڕانی بڕوانامە ئەنجامدەدرێت و نووسراویش بۆ لایەنی پەیوەندیدار ئامادەدەکرێت.

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ کەمکردنەوەی رۆتین و ئاسانکاریی سەردانیکاران به‌ شێوه‌ی ڤیدیۆ روونكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ تێیدا داواكار له‌ رێگه‌ی سیستمی (ئی پەروەردە) بڕوانامه‌كه‌ی به‌و زمانه‌ی ده‌یه‌وێت، وه‌ریده‌گرێت، چۆنیه‌تی داواكارییه‌كه‌ش شیكراوه‌ته‌وه‌.