بە وێنە.. رووخانی پردێک لە پتسبرگ
چەند کاتژمێرێک پێش سەردانەکەی بایدن بۆ ئەو شارە
K24 - هەولێر:
دوێنێ هەینی (28ـی کانوونی دووەم/یەناری 2022) چەند کاتژمێرێک پێش سەردانەکەی جۆ بایدن بۆ شاری پتسبرگ لە پنسلڤێنیا ئەو ویلایەتەی کە لێی لەدایکبووە، پردێکی پەڕینەوەی پیادە و ئۆتۆمبێل لە پتسبرگ رووخا و لەو رووداوەدا 10 کەس بریندار بوون.
بە گوێرەی هەواڵێكی وێبسایتی "CNN"، "ئێد گەینی" پارێزگاری پتسبرگ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا گوتی: لە رووداوی رووخانی پردەکە هیچ گیان لەدەستدانێك رانەگەیەندراوە.
داریل جۆنس بەڕێوەبەری تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە پتسبرگ لەبارەی بریندارەکانەوە رایگەیاند، هیچ کەسێک بە سەختی بریندار نەبووە و مەترسی لەسەر ژیانی کەس دروست نەبووە، تەنها سێ لە بریندارەکان پێویستیان بە نەخۆشخانە بووە، کە راستەوخۆ لە شوێنی رووداوەکەوە گواستراونەتەوە نەخۆشخانە.
ئەم رووداوە چەند کاتژمێرێک پێش سەردانەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئەو شارە روویدا و کاتێک هەواڵی رووخانی پردەکەی پێ راگەیەندرا، پلانی سەردانەکەی گۆڕی و چووە شوێنی رووداوەکە.
دوای بینینی ئەم رووداوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی شارەکە، جۆ بایدن پەیوەندی بە تۆم وۆڵف، حاکمی ویلایەتی پێنسلڤێنیا کرد و بڕیاریدا بودجەیەک بۆ نوێکردنەوەی پردەکانی ئەمەریکا تەرخان بکەن، جۆ بایدن گوتیشی: "43 هەزار پرد لە وڵاتەکەماندا هەیە، پارە دەنێرین و هەموویان چاک دەکەینەوە".
بۆردی سەلامەتی گواستنەوەی نیشتمانی تیمێکیان دەستنیشانکردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووخانی پردەکە، بۆ لێکۆڵینەوەکەش تیمەکە بە درۆن (فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان) وێنەی تەواوی شوێنی رووداوەکە دەگرن و دواتر ئۆتۆمبێل و پاشماوەی پردە رووخاوەکە کۆدەکرێنەوە و لە شوێنەکە لادەبرێن.
شاری پتسبرگ دەکەوێتە رۆژئاوای ولایەتی پێنسلڤێنیا و بە گوێرەی بەرپرسانی ئەو شارە، پتسبرگ خاوەنی زۆرترین پردە لە جیهاندا.
H.H