لە بازرگانی زێڕ هەولێر دەبێتە جێگرەوەی بەغدا

یەکەمین کۆنفرانسی بازرگانی زێر لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

بازرگانی زێر لە هەولێر
بازرگانی زێر لە هەولێر

K24 – هەولێر

یەکەمین کۆنفرانسی بازرگانی زێر لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و رێکخەری کۆنفرانسەکەش رایدەگەیەنێت، هەولێر بووەتە جێگرەوەی بەغدا لە بازرگانی زێڕ.

ئەمڕۆ دووشەممە 30/1/2022، بە بەشداری وەزیری بازرگانی و ژمارەیەک لە نوێنەری وڵاتان و بازرگانان، یەکەمین کۆنفرانسی زێڕ لە هەولێر دەستیپێکرد.

فەتحی مودەریس، راوێژکاری وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخەری کۆنفرانسی بارزگانی زێڕ لە هەولێر، لەمیانی بەشداریکردنی لە ستۆدیۆی کراوەی کوردستان24 لەناو کۆنفرانسەکە رایگەیاند: "وەزارەتی بازرگانی دەیەوێت ئاوڕ لەو بازرگانییە سەردەمیانە، کە هەموو جیهان پێیەوە سەرقاڵە، ماوەیە هەولێر لە بازگانی کردنی زێڕ بووەتە جێگرەوەی بە‌غدا، ئەمەش بەهۆی ئەو سەقامگیرییە سیاسی و ئەمنییە کە لە هەرێمی کوردستان هەیە".

سەبارەت بە رێکخستنی کۆنفرانسی زێڕ لە هەولێر گوتی: "چەندین داواکاری پێشکەش بە وەزارەتی بازرگانی کرابوو کە بەهاوکاری سەندیکای زێرنگران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە کۆنفرانسێکی لەو شێوەیە رێکبخات، بۆیە ئەمڕۆ یەکەم کۆنفرانسی زێڕ لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە هەولێر رێکخرا، بۆ تاوتوێکردنی پەرەپێدانی بازرگانی زێر، دەمانەوێت بەو ئاراستە بڕوات کە وەک بنەمایەکی ئابووری تەماشا بکرێت و ببێتە بنەمایەکی ئابووری، هاوکات بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان دروست بکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد: "هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ دامەزراندنی کارگەی زێر بێنە هەرێمی کوردستان، ئەوکاتە ئەو دەستهەقەی لێرە دەدرێتە زێر کە لە وڵاتان هاوردە دەکرێت بۆ خەڵکی کوردستان دەگەڕێتەوە، ئەوکاتە دەتوانرێت لەناوخۆ وەبەرهێنانی پێبکرێتەوە".

هەر لەبارەی گرنگی کۆنفرانسەکە، هەندرێن وەرتی، کارگێری سەندیکای زێرینگران لە هەولێر بە کوردستان24ی گوت: "رێکخستنی ئەو کۆنفرانسە دەبێتە دەروازەیەک بۆ گەشەسەندنی بازرگانی زێڕ لە هەرێمی کوردستان".

ئاماژەی بەوەشکرد: "بازرگانی زێڕ لە هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام رێکنەخراوە، لە کۆنفرانسی ئەمڕۆدا پێشنیازمان کرد، وەک ژوورەکانی دیکە ژووری زێڕ لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە، هەولێر دەتوانێت لە بازرگانی زێڕ ببێتە جێگرەوە بەغدا، چونکە لە هەموو رووێکەوە هەرێمی کوردستان سەقامگیرترە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق".

دیاری شێخە، پێشکەشکاری بەرنامەی بوژانەوە لە کوردستان24، بە توێژینەوەیەک لەبارەی بازرگانی زێڕ بەشداری لە کۆنفرانسەکە کردووە و دەڵێ: "داتاکان پێمان دەڵێن، هەرێمی کوردستان کە یەکێکە لە ناوچە سەقامگیرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێ گرنگی بەو کانزایە بە نرخە بدات، کە رۆژ دوای رۆژ نرخەکەی لە بازاڕەکان زیاد دەکات و خواستیش لەسەری زیاتر دەبێت، بۆیە ئەم کۆنفرانسە گرنگە".

گوتیشی: "پەیامێکی کۆنفرانسەکە ئەوەیە هەوڵبدرێت کۆمپانیا گەورەکان لە هەرێمی کوردستان، بەشێک لە سەرمایەکانیانی خۆیان بکەن بە زێڕ، چونکە ئەو کانزایە دڵنیایی دەدات بە کۆمپانیاکان، لەسەر ئەو بنەمایەش کۆمەڵێک کۆمپانیا بەشداریان لە کۆنفرانسەکەی ئەمڕۆ کردووە".