ململانێی نوێ لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی سەریهەڵدا

ناکۆکییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی حکوومەتی عێراق قووڵتر بوونەتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت واشنتن رەزامەندیی خۆی بۆ بەشداریکردنی زیاتری عەسائیبی ئەهلولحەق لە حکوومەت دەربڕی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ بەشداریکردنی عەسائیبی ئەهلولحەق لە حکوومەتی عێراق و بەربژێرکردنی لەیس خەزعەلی، برای قەیس خەزعەلی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕیوە.

ئەم پێشهاتە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای نیگەران کردووە. ئەوان جەختدەکەنەوە دەبێت یاسر سخێل، زاوای نووری مالیکی بکرێتە وەزیری ناوخۆ، بەو پێیەی پێشتر ئەو بە فشاری لایەنەکان لەو پۆستە دوورخرابووەوە.

سەرچاوەکە ئاشکرایکرد، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەرەتای پێکهێنانی حکوومەتدا بەڵێنی بە خەزعەلی دابوو ڤیتۆی ئەمریکایان لەسەر لاببات و پۆستی باڵایان پێ بدات. دوای گەڕانەوەی زەیدی لە ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگیدا بە قەیس خەزعەلی راگەیاندووە رەزامەندیی ئەمریکا بۆ بەربژێرکردنی لەیس خەزعەلی وەرگیراوە.

ئەو رەزامەندییە بە مەرجی ئەوە بووە عەسائیبی ئەهلولحەق هیچ سیمایەکی چەکدارییان نەمێنێت و چالاکییەکانیان تەنیا لە چوارچێوەی کاری سیاسیدا بێت.

لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکاوە، سەرچاوەیەکی حکوومی بە کوردستان24ـی گوت، بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکا بەتایبەت مارکۆ روبیۆ، دژی پێدانی هەر رۆڵێک بە گرووپە چەکدارەکان یان باڵە سیاسییەکانیان بوون.

سەرچاوەکە زیاتر روونیکردەوە، تۆم بەڕاک رۆڵێکی سەرەکی لەم نێوەندگیرییەدا بینیوە و جەختی لەوە کردووەتەوە پاڵپشتیکردنی عەلی زەیدی دەرفەتێکی زێڕینە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپەکانی سەر بە ئێران. لەسەر ئەم بنەمایە واشنتن رازی بووە و پاڵپشتیی خۆی بۆ زەیدی دووپات کردووەتەوە، کە ئەویش بەردەوام جەخت لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا دەکاتەوە.

دوای ئەم پێشهاتانە، هەڵوێستی عەسائیبی ئەهلولحەق گۆڕاوە و داوای وەزارەتی زیاتریان کردووە. هاوکات نووری مالیکی، قاسم عەتای لە پۆستەکەی کشاندووەتەوە و بەربژێرکردنی یاسر سخێلی بۆ وەزارەتی ناوخۆ دووپات کردووەتەوە.

ئێستا لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگیدا رایەک سەریهەڵداوە بۆ ئەوەی چاو بە سەرجەم وەزارەتەکاندا بخشێنرێتەوە و گۆڕانکاری لە کابینەکەدا بکرێت. ئەگەری ئەوە هەیە پۆستی وەزارەت لە هاوپەیمانیی عەزم وەربگیرێتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی ئەو هاوپەیمانییە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا.

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن عەلی زەیدی بەو ئاراستەیەدا کار دەکات دوای کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، کابینەی حکوومەت بەتەواوی کارا بکرێت، بەڵام بەهۆی ئەم ناکۆکییانە ئەگەری هەیە پرۆسەکە رووبەڕووی دواکەوتن ببێتەوە.