قەزوانی کوردستان؛ گەنجینەیەکی پزیشکی و خۆراکێک کە کەوتووەتە پەراوێزەوە

هۆکاری پشتگوێخستنی بەرهەمی قەزوان لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ کۆمەڵێک هۆکاری سروشتی و ئیداری دەگەڕێتەوە، لەوانەش سەختیی گەیشتن بەو ناوچانە و نەبوونی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بۆ کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی بەرهەمەکە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2026، کامەران حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، قەزوان تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکاندا گەشە دەکات و بەرهەمەکە لە هەموو شوێنێکدا بەردەست نییە. حوسێن روونیکردەوە، تا ئێستا کاری پێویست بۆ موتوربەکردنی ئەو دارانە نەکراوە و جووتیارانیش هەوڵی جیدییان بۆ پەرەپێدانی ئەم بەرهەمە نەداوە.

لەبارەی ئاستەنگەکانی دیکەوە، حوسێن گوتی، دارەکانی گۆیژ و قەزوان ساڵانە بەهۆی هۆکاری جیاوازەوە تووشی بڕینەوە و سووتاندن دەبن، هاوکات ئامێری مۆدێرن بۆ بڕین و کۆکردنەوەی قەزوان نییە و جووتیاران بە شێوازی نەریتی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.

سەبارەت بە سوودە پزیشکییەکانی قەزوان، حوسێن گوتی: "خەڵکی ناوچەکە لە باپیرانیانەوە فێر بوون کە قەزوان و بنێشتی تاڵ بۆ چارەسەری ئازاری گەدە و هەندێک نەخۆشیی دیکە بەکاربهێنن، تەنانەت لە تێکەڵکردنی لەگەڵ مازی بۆ چارەسەری برین بەکارهاتووە، بەڵام ئەم بەکارهێنانە هێشتا بە شێوەیەکی نەریتی ماوەتەوە و هیچ تەکنەلۆژیایەکی نوێ بۆ پیشەسازیکردنی نەهاتووەتە پێشەوە".

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سۆران ئەوەشی روونیکردەوە، ئەگەر جووتیاران گرنگیی زیاتر بە قەزوان بدەن، دەتوانرێت لە بواری پیشەسازیی خۆراکدا سوودی زۆری لێ وەربگیرێت، چونکە جۆری جیاوازی قەزوان هەیە کە بۆ چەرەز، قاوە، فەریکە قەزوانیش بۆ ناو ماستا و دۆ بەکاردێت.

کامەران حوسێن ئاماژەی بەوەشکرد، وەک ئیدارەی سۆران لە هەوڵدان ئامارێکی گشتی بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان ئامادە بکەن و داتای ورد لەوبارەیەوە کۆ بکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەمیر مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بارزان، رەتیکردەوە بەرهەمی قەزوان بە تەواوی پشتگوێ خرابێت، بەڵام جەختیکردەوە جووتیار زیاتر گرنگی بەو بەرهەمانە دەدات کە خواستی بازاڕیان لەسەرە.

مستەفا لەبارەی کێشەکانی بەردەم جووتیاران گوتی: "سەختیی رێگاکانی شاخ و سروشتی دارە خۆرسکەکان هۆکارن کە جووتیار نەتوانێت سوودێکی باش لە بەرهەمەکە ببینێت". بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بارزان ئاشکرایکرد، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان چەند سیمینارێکیان بۆ هۆشیارکردنەوەی جووتیاران رێکخستووە، بەڵام تا ئێستا ئارەزوویەکی کەم بۆ وەبەرهێنان لەم بەرهەمە خۆرسکانەدا بەدی دەکرێت.