ژماره‌ی ئاواره‌كانی عێراق و گه‌ڕاوه‌كان ئاشكرا ده‌كرێت
رێژه‌ی هه‌ژاری به‌هۆی ئاواره‌بوونه‌وه به‌رز ده‌بێته‌وه
K24 – هه‌ولێر
سێ ملیۆن و 600 هه‌زار عێراقی به‌هۆی و شهر و نائارامی ئاواره بوونه كه پاش تێپه‌ڕبوونی دوو ساڵ ته‌نیا 600 هه‌زار كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند ژماره‌ی ئاواره‌كانی ناوخۆیی له سه‌رتاسه‌ری وڵات گه‌یشتووه سێ ملیۆن و 600 هه‌زار كه‌س كه له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش ئاواره‌بوونه و له پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشوور نیشته‌جێبوونه.
پاش رزگاركردنی زۆربه‌ی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش، ته‌نیا 600 هه‌زار كه‌س بۆ شوێنی خۆیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه و ئه‌وانه‌ی دیكه هێشتا له ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق ئاواره‌ن كه به‌شێكیان له‌ناو كه‌مپه‌كان ده‌ژین.
به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه، عێراق له مێژووی خۆیدا، تووشی گه‌وره‌ترین دیارده‌ی كۆچ و ئاواره‌بوونی هاوڵاتیانی بووه كه پاش تێپه‌ڕبوونی دوو ساڵ به‌هۆی رووخانی خانوو و تێكدانی سه‌رچاوه‌ی داهات و ژیانیان ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه.
له‌لایه‌كی تره‌وه وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق رایگه‌یاند رێژه‌ی هه‌ژاری له عێراق بۆ 22.5% به‌رزبووه، كه هۆكاری سه‌ره‌كی به‌رزبوونه‌وه‌كه‌ش بۆ ئه‌و ژماره زۆره‌ی ئاواره دهگهڕینتهوه كه له‌ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوو ئاواره بوونه.