کێیڤ بە زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز هەژا

کێیڤ، پایتەختی ئۆکرانیا بەهۆی زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێزەوە هەژا، ئەمەش لە وەڵامی ئەو هۆشدارییانەدا بوو، سەبارەت بە هێرشی مووشەکی درابوون و دەسەڵاتداران داوایان لە دانیشتووان کرد پەنا بۆ شوێنە پارێزراوەکان ببەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، پەیامنێری فرانس پرێس رایگەیاند، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ئەمڕۆدا 12 تەقینەوەی بەهێز لە کێیڤ بیستراون. هێرشەکان دوای ئەوە هاتن رووسیا جارێکی دیکە دەستی بە هێرشی مووشەکی بالیستی بۆ سەر ئۆکرانیا کردەوە، دوای ئەوەی بۆ چەند شەوێک هێرشەکان راوەستابوون.

ئیدارەی سەربازیی کێیڤ لە تێلێگرام بڵاویکردەوە، هۆشدارییەکانی هێرشی مووشەکی چالاک کراون و داوایان لە هاووڵاتییان کرد بەرەو نزیکترین پەناگە بڕۆن. دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا رایانگەیاند، بەهۆی هێرشە رووسییەکانەوە 10 کەس بریندار بوون.

ڤیتالی کلیتچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کێیڤ ئاشکرایکرد، بەهۆی هێرشەکانەوە زیان بە باڵەخانەیەکی ئیداری، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون و چەند شوێنێکی دیکە گەیشتووە. راپۆرتە میدیاییەکان دەریدەخەن، ئاوی خواردنەوە لە هەندێک ناوچەی کەناری رۆژهەڵاتی رووباری دنیپرۆ پچڕاوە.

لە بەرامبەردا و بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی لە تێلێگرام بڵاوکراونەتەوە، ئۆکرانیا بە درۆنی هێرشبەر چەند ئامانجێکی لە نێو خاکی رووسیا پێکاوە. ئامانجەکان رۆستۆڤ لە باشووری رووسیا و یارۆسلاڤل لە باکووری رۆژهەڵاتی مۆسکۆیان گرتووەتەوە. دەستەی فڕۆکەوانیی رووسیا رۆساڤیاتسیا رایگەیاند، چەند فڕۆکەخانەیەکی رووسیا ناچار بوون سنووردارکردنی کاتی بۆ کارەکانیان دابنێن.

هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بەردەوام رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە. ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا بەردەوامن لە سەپاندنی سزاکان بەسەر رووسیا و پێشکەشکردنی پشتیوانیی سەربازی و ئابووری بۆ ئۆکرانیا.

لە واشنتن، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا چوارشەممە پاکێجێکی بەرفراوانی سزای دژی رووسیا بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە پەسەندکرد و پڕۆژەیاساکەی بۆ واژۆکردن ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد. پڕۆژەیاساکە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران کە کۆمارییەکان زۆرینەیان تێدایە، بە دەنگی 262 ئەندام بەرامبەر بە 159 ئەندام پەسەندکرا. ئەم هەنگاوەش یەکێکە لە دیارترین جووڵە یاسادانانییەکانی ئەمریکا دژی مۆسکۆ لەو کاتەوەی ترەمپ گەڕاوەتەوە بۆ کۆشکی سپی.