زانکۆلاین کارا دەکرێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، زانکۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە سەرجەم بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان کارا دەبێت.
بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سیستەمەکە لە کاتژمێر 8:30ـی بەیانیی ئەمڕۆوە بۆ ماوەی هەشت رۆژ کارا دەبێت و تا 24ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت. دەرچووان لەو ماوەیەدا دەتوانن فۆرمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکان پڕبکەنەوە و پێشکەشی بکەن. وەزارەتەکە جەختیکردەوە، دەرچووان دەبێت سەردانی خوێندنگەکانی خۆیان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ بۆ بەکارهێنانی سیستەمەکە.
لەبارەی وردەکارییەکانی پرۆسەکە، خەتاب شێخانی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشکرایکرد، دەرچووان دوای کاراکردنی سیستەمەکە دەتوانن راستەوخۆ دەست بە پڕکردنەوەی فۆرمەکانیان بکەن و هەڵبژاردنەکانیان پێشکەش بکەن.
شێخانی گوتی: بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر شانی خێزانەکان، داشکاندنی 45%ـی کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران هاوشێوەی ساڵانی رابردوو بەردەوام دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەرەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا باسی لەوە کرد، بۆ ئەمساڵ کورسیی خوێندن بۆ هەموو دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی دابین کراوە و سەرجەم قوتابیان دەتوانن لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەربگیرێن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامارەکانی پەیوەست بەم ساڵەی خستەڕوو، بەپێی ئامارەکە 40,716 دەرچوو لە بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان داواکاری پێشکەش دەکەن.
بەشێکی ئەو دەرچووانە پێکدێن لە 30,847 دەرچووی زانستی، 7,923 دەرچووی وێژەیی، 1,240 دەرچووی پیشەیی و 706 دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان. ئەو ژمارەیەش داواکاری بۆ 680 بەش لە هەرسێ جۆری خوێندنی زانکۆڵاین، پارالێل و ئێواران بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 لە 16 زانکۆی حکوومی لە هەرێمی کوردستان پێشکەش دەکەن.