کۆنگرێسی ئەمریکا سزادانی کەرتی وزەی رووسیا پەسەند دەکات
کۆنگرێسی ئەمریکا پاکێجێکی نوێ و بەرفراوانی سزاکانی دژی رووسیا پەسەند کرد، ئامانج لێی زیادکردنی فشارەکانە لەسەر ئەو وڵاتە بەهۆی جەنگی ئۆکرانیا. پڕۆژەیاساکە بۆ واژۆکردن رەوانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرا.
کۆنگرێسی ئەمریکا، کە کۆمارییەکان کۆنترۆڵیدەکەن، بە دەنگی 262 نوێنەر بەرامبەر بە 159 دەنگ پڕۆژەکەی پەسەند کرد. ئەم هەنگاوە گەورەترین هەنگاوی یاسادانانی ئەمریکایە دژی مۆسکۆ لەو کاتەوەی ترەمپ گەڕاوەتەوە بۆ کۆشکی سپی.
ترەمپ پێشتر جەختیکردبووەوە پڕۆژەیاساکە واژۆ دەکات تا ببێتە یاسا و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت مانگی رابردوو ئەنجوومەنی پیران بە دەنگی 86 ئەندام بەرامبەر بە 11 دەنگ پەسەندی کردبوو.
یاساکە کەرتی وزە و بەرگریی رووسیا، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج. هەروەها ئەو کەرتەش دەگرێتەوە کە بە کەشتیگەلی سێبەر ناسراوە و مۆسکۆ بۆ تێپەڕاندنی سزاکانی رۆژئاوا بەکاری دەهێنێت.
پڕۆژەیاساکە دەسەڵات بە سەرۆکی ئەمریکا دەدات باجی گومرگی تا 100%ـی بەسەر کڕیارانی گەورەی نەوت و گازی رووسیادا بسەپێنێت، لەوانەش چین و هیندستان، بە مەبەستی بێبەشکردنی مۆسکۆ لەو داهاتانەی بۆ خەرجیی جەنگەکەی بەکاریان دەهێنێت.
سەرەڕای ئەمەش، ئەو دەسەڵاتە بەرفراوانەی پەیوەست بە باجی گومرگییەوە ناکۆکی لەناو پارتی دیموکراتدا دروستکردووە. ئەو دیموکراتانەی پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکەن، نیگەرانییان لە پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە ترەمپ لە بواری بازرگانیدا دەربڕیوە.
سەرەڕای ئەو نیگەرانییانە، دەیان نوێنەری دیموکرات پشتیوانییان لە پڕۆژەکە کرد، لە بەرامبەردا ژمارەیەکی کەم لە کۆمارییەکان دژی وەستانەوە، بەو پێیەی پێیان وایە سزاکان پێچەوانەی بنەماکانی بازاڕی ئازادن یان دژی سیاسەتی دەستوەرنەدانن لە ململانێ دەرەکییەکاندا.