یەختەکەی جێف بێزۆس دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پردێکی مێژوویی

پردەکە 95 ساڵ پێش ئێستا دروست کراوە

پردی "Koningshaven"
پردی "Koningshaven"

K24 - هەولێر:

پردێکی مێژوویی هۆڵەندی بەهۆی یەختەکەی جێف بێزۆسەوە بە شێوەیەکی کاتی هەڵدەوەشێنرێتەوە.

بە گوێرەی هەواڵێكی وێبسایتی "پیوپڵ"، شاری رۆتردام رەزامەندی دا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی چەند بەشێكی پردی "Koningshaven"، لەپێناو تێپەڕبوونی یەختە نوێکەی جێف بێزۆس.

یەختە نوێکەی بێزۆس درێژیەکەی 127 مەترە و لە نزیک شاری ئالبلاسەردام دروست دەکرێت و دەبێتە گەورەترین یەخت لە جیهاندا.

بە گوێرەی وێبسایتی "بلومبێرگ"، تێچووی دروستکردنی یەختەکە زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلارە، یەختەکەش زۆر لەوە بەرزترە کە بتوانێت بەژێر پردەکەدا تێپەڕبێت.

گوتەبێژی شارەکە بۆ "واشنتن پۆست"ـی پشتراست کردەوە کە شارەکە تێچووی هەڵوەشاندنەوە و چاککردنەوەی پردەکە لەئەستۆ ناگرێت، بەڵام تێچووی خەمڵێندراوی کارەکەشی ئاشکرا نەکرد.

بڕیارە کۆمپانیای بەرهەمهێنی یەختەکە و جێف بێزۆس، بلیۆنێر و دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمازۆن تێچووی هەڵوەشاندنەوە و چاککردنەوەی پردەکە لە ئەستۆ بگرن.

بە گوێرەی "واشنتن پۆست"، "Koningshaven" لە ساڵی 1927 دروست کراوە و دوای ئەوەی لە ساڵی 1994 داخرا، پردەکە وەک مۆنۆمێنتێکی نەتەوەیی ناسێندرا.

لە کاتێکدا بڕیارەکە چەند مشتومڕێکی لێکەوتووەتەوە، بەرپرسانی شارەکە وتیان کە بە چەند هۆکارێکی ئابووری بەو بڕیارە رازیبوون.