دامهزراندنی هێڵی شهمهندهفهر له هەرێمی كوردستان
"لە سەرەتای کابینەی نۆیەمەوە پلانمان داناوە بۆئەوەی ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکرێت"
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ (10ـی شوباتی 2022)، مەراسیمی واژوو کردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لەگەڵ کۆمپانیای دۆیجەبانی ئەڵمانی بۆ پرۆژەی هێڵی ئاسنینی کوردستان بەڕێوەچوو.
دانا عهبدولكهریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پرۆژەی هێڵی ئاسنین لە هەرێـی کوردستان ماستەرپلانی لە ساڵی 2012ـەوە دانراوە.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە گوتیشی: "لە سەرەتای کابینەی نۆیەمەوە پلانمان داناوە بۆئەوەی ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکرێت، هەر لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ چەندین کۆمپانیا قسە کراوە، خۆشبەختانە باشترین کۆپمانیا کە ئێمە توانیمان گفتوگۆکانمان لەگەڵیان بەردەوامی پێبدەین، کۆمپانیای دۆیجەبانی ئەڵمانییە بووە، کە لە باشترینەکانی جیهانە.
دانا عهبدولكهریم باسی لەوەشکرد کە دوای ساڵ و نیوێك لە گفتوگۆ گەیشتوونە ئەوەی ئەمڕۆ و لێكتێگەیشتنێکیان ئیمزا کرد، ئەو یاداشتەش بۆ دروستکردنی هێڵێ ئاسنینە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام دروستکردنەکە ئامادەکاری دەوێت، ئامادەکاریەکان لە "ئەنجامی شیکاری" پرۆژەکە، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیسپانی گرێبستەکەی واژووی دەکەن.
دانا عهبدولكهریم گوتیشی: "سەرەڕای ئەمانە ئامادەکارییەکانی دیکەی پرۆژەکە دیزاینکردن و چۆنێتی جێبەجێکردنی و دابینکردنی بودجەی پرۆژەکە لەخۆدەگرێت، هەروەها هەوڵ دەدرێت بودجەی پرۆژەکە لەسەر چەند کۆمپانیایەکی جیهانی بێت کە پێشتر گفتوگۆیان لەگەلدا کراوە."