بە وێنە.. ژنێکی دووگیان بۆئەوەی منداڵی کوڕی ببێت ئەم کارەی کردووە
پۆلیس بەدوای ئەو کەسەدا دەگەڕێت کە ئامۆژگاری کردوە
K24 - هەولێر:
ژنێکی دووگیان لە پاکستان بۆئەوەی منداڵەکەی سکی کوڕ بێت، بزمارێكی بەسەری خۆیدا چەقاندووە.
بە گوێرەی هەواڵێكی وێبسایتی "The Indian EXPRESS"، ژنەکە لەلایەن کەسێکەوە کە گوایە پیشەی "چارەسەرکەری میللی" بووە ئامۆژگاری کراوە، بۆئەوەی منداڵەکەی کوڕ بێت بزمارێک بەسەری خۆیدا بچەقێنێت.
حەیدەر سولێمان ئەو پزیشکەی چارەسەری ژنە دووگیانەکەی کردووە گوتی: هەرچەندە بزمارەکە کەلـلەی سەری تێپەڕاندبوو، بەڵام بەر مێشكی نەکەوتبوو.
دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی پشکنینی تیشکی ئێکس-ڕەی کە تێیدا بزمارەکە بەسەری ژنەکەوەیە، پۆلیسی پاکستان بە دوای ئەو کەسەدا دەگەڕێن، ئەو "چارەسەرکەری میللی"ـەی کە ئامۆژگاری ژنەکەی کردبوو بزمارەکە لەسەری خۆی بدات.
پیشەی "چارەسەرکەری میللی" پیشەیەکی باوە لە پاکستان و چەندین کەس لەو وڵاتە بڕوایان پێیەتی و لەبری پزیشک و پسپۆڕەکانی بواری تەندروستی پەنایان بۆ دەبەن.
H.H