لەبارەی شێڵتەری سەگەکان لە سلێمانی روونکردنەوە دەدرێت

رێکخراوەکان و ئاژەڵدۆستان بە کوشتارگە ناوی دەبەن!

K24 - هەولێر:

دوایین وێنە و ڤیدیۆی شێڵتەری سەگە بێلانەکانی شاری سلێمانی کە تێیدا ژمارەیەکی زۆری کەلاکی سەگ دەرکەوتن، کاردانەوەی ئاژەڵدۆستان و رێكخراوەکانی پاراستنی ئاژڵانی لێکەوتەوە و سەرۆکی شارەوانی سلێمانیش روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

لەیلا عومەر عەلی، سەرۆکی نوێی شارەوانی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا گوتی: زۆر بە داخەوە ئێمە زۆر دڵگرانین بە روودانی ئەو کارەساتەی دوێنێ شەوی شێڵتەری ئاژەڵانی بێلانە و لەناوچوونی کۆمەڵێک ئاژەڵ.

لەیلا عومەر رایگەیاند، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بڕیاریدا بە راگرتنی کاری کۆکردنەوە و وەرگرتنی ئاژەڵانی بێلانە، ھەر ئەمڕۆش نوێنەر و بەرپرسی پەیوەندیداریان راسپاردووە بەدواداچوونی پێویست بکات و چەند سامپڵ و نمونەیەک بنێردرێت بۆ پشکنین بۆ ڤێرتینەری و تاقیگە بۆ ئەوەی ھۆکارەکانی ئەو کارەساتە دیاری بکەن. 

سەرۆکی نوێی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، ئەوان چەند کاتژمێرێکی کەم بەر لەو ر ووداوە لە رۆژی پێنج شەمە 10ـی کانوونی دووەمی 2022 دەست بەکاربوون، لەھەمان رۆژدا داوایان لە بەرپرسی شێڵتەرەکە کردوە راپۆرتێکی کورت و پوخت ئامادە بکات و پێشنیار و داواکاری پێداویستی و کەم و کوڕییەکانی شێڵتەرەکەیان بۆ بکاتە پاکێجێک تا ئەوەی ئەوان لای خۆیانەوە پێیان دەکرێت جێبەجێی بکەن.

لەیلا عومەر گوتی: بە دڵنیاییەوە کار لەسەر دانانی پلان و بەرنامەیەکی وورد دەکەین لە ھەمبەر رێکخستن و بەڕێوەبردنێکی باشتری شێڵتەرەکە لە داھاتوودا.

لەلایەکی دیکەوە رێکخراوی پاکۆ بۆ پارساتنی ئاژەڵان رایگەیاند، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی دژی ئەو کارەساتەی رۆژانە روودەدات لە "بەناو شێڵتەری سەگی بێلانەی سلێمانی" ئەمڕۆ شەممە 12ـی شوباتی 2022 بە ئامادەبوونی رێکخراوەکان و ئاژەڵدۆستان کاتژمێر 2:00ـی پاش نیوەڕۆ لە بەردەم باخی گشتی گردبوونەوەیەک ئەنجامدەدەن.

 

 
 
 
 
 
View this post on Instagram
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

A post shared by pak organization (@pakorganization)

H.H