شێخ سائر ئه‌لبه‌یاتی: ئه‌گه‌ر دادگا دادپه‌روه‌ر بایه، به‌رهه‌م ساڵح به‌ر له هۆشیار زێباری له پۆسته‌كه‌ی دوور ده‌خسته‌وه
"ئه‌و به‌ڵگانه‌ی له دژی زێباری به‌كارهێنراون، پێشتر ره‌تكرابوونه‌وه.. به‌ڵگه‌كانی دژ به به‌رهه‌م ساڵح تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ته‌نیوه و ره‌شوه‌ی وه‌رگرتووه"

K24- هه‌ولێر:
شێخ سائر ئه‌لبه‌یاتی، ئه‌مینداری گشتیی ئه‌نجومه‌نی هۆزه عه‌ره‌به‌كان دووپاتیكرده‌وه، دادگاكانی عێراق به سیاسی كراون و گوتی: پێویسته دادگا به لۆژیكی كاره‌كانی رایی بكات و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور بڕیار بدات.
هه‌روه‌ها گوتی: ژماره‌یه‌ك لایه‌نی سیاسی ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕیاره‌كانی دادگادا گرتووه و دادگاكانیان به سیاسی كردووه، ئه‌و گوتانه‌ی هادی عامریش كه گوتبووی: "فشار ده‌خه‌ینه سه‌ر دادگا، بۆ ئه‌وه‌ی یاساكان بگۆڕن و گۆڕانكاری له دۆخه‌كه‌دا بكه‌ن" باشترین به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌م راستییه، كه دادگاكانی عێراق به سیاسی كراون و سه‌ربه‌خۆ نین.
جه‌ختیشیكرده‌وه، ئه‌گه‌ر دادگا له عێراق پاك بوایه و له‌سه‌ر بنه‌مای لۆژیكی یاسایی و ده‌ستووری كاره‌كانی رایی كردبا، ئه‌وا ئێمه كۆمه‌ڵێك كه‌سانی سیاسیمان له‌ناو حزبه ئایینییه‌كان نه‌ده‌بینین، كه له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسی و دامه‌زراوه‌ی فه‌رمانڕه‌واییدا كار بكه‌ن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، زیاتر له 18 هه‌زار دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی له عێراق هه‌ن و كۆمه‌ڵێك تاوانی گه‌وره ئه‌نجامدراون و تا ئێستا هیچ چاره‌سه‌رێك و به‌دواداچوونێكیان بۆ نه‌كراوه، دادگا تا ئێستا كاری له‌سه‌ر ئاشكراكردنی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانانه نه‌كردووه.
گوتیشی: ده‌ستووری عێراق به شێوازێكی لاستیكی داڕێژراوه و ئه‌و ماددانه‌ی حه‌زیان لێیه جێبه‌جێ بكرێن، له به‌رژه‌وه‌ندی خواسته‌كانیان شرۆڤه‌یان ده‌كه‌ن و ره‌وایه‌تییان پێ ده‌ده‌ن و ئه‌و ماددانه‌ش كه حه‌ز به جێبه‌جێكردنیان ناكه‌ن، مانۆریان له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و جێبه‌جێیان ناكه‌ن.
جه‌ختیشیكرده‌وه، له عێراق په‌یڕه‌وی دوو ئاراسته‌ی جیاواز ده‌كرێت، تیمێك پابه‌ندی په‌یڕه‌وێكی نیشتمانییه و كار بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق ده‌كات، تیمه‌كه‌ی دیكه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی شۆڤێنی و كوشتن و به‌كارهێنانی هێز كار ده‌كات.
سه‌باره‌ت به بڕیاری دادگاش بۆ دوورخستنه‌وه‌ی هۆشیار زێباری، كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌و ئه‌ركه، سائر به‌یاتی گوتی: بڕیاری ئه‌مڕۆی دادگا له 100% سیاسی بوو، چونكه ئه‌و به‌ڵگانه‌ی له دژی زێباری به‌كارهێنراون، پێشتر ره‌تكرابوونه‌وه، ئه‌گه‌ر دادگایه‌كی دادپه‌روه‌ریش له عێراق هه‌بوایه، به‌رهه‌م ساڵح به‌ر له هۆشیار زێباری له پۆسته‌كه‌ی دوور ده‌خسته‌وه، چونكه كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه هه‌ن، كه له دژی سه‌رۆك كۆمار پێشكه‌ش كراون و ئه‌و به‌ڵگانه تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشی ته‌نیبوو، هه‌روه‌ها له وه‌زاره‌تی كاره‌باش تۆمه‌ت خرایه پاڵ به‌رهه‌م ساڵح، كه ره‌شوه‌ی وه‌رگرتووه، به‌ڵام هیچ دۆسیه‌ك له دادگای عێراق له دژی به‌رهه‌م ساڵح به‌رزنه‌كراوه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات.
هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه، پێویسته دادگای فیدراڵ بگۆڕدرێت و یاسایه‌كی زۆر روون له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور بۆ دادگای فیدراڵ دابنرێت، كه دادپه‌روه‌ری تێیدا ره‌نگ بداته‌وه. ده‌ستووری عێراق وه‌ك مادده‌یه‌كی لاستیكی وایه و چۆن بیانه‌وێت، به‌م شێوه‌یه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا راده‌كێشن و گرژی ده‌كه‌نه‌وه و به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستاش ئه‌و لایه‌نانه ده‌یانه‌وێت هه‌مان ئه‌زموونی لوبنان له په‌كخستنی پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق دووباره بكه‌نه‌وه.
له‌باره‌ی بوونی هه‌زاران دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵیش له عێراق، به‌یاتی گوتی: ئه‌و دۆسیانه هه‌موویان لای ده‌سته‌ی ده‌ستپاكین و خۆیان ئه‌وه‌یان راگه‌یاندووه، له‌كاتێكدا تا ئێستا نه‌مانبیستووه دادگا لێپرسینه‌وه له‌باره‌ی ئه‌و دۆسییانه بكات.
هه‌روه‌ها گوتی: له عێراق كار به ده‌ستوور ناكرێت، چونكه پێكهێنانی حه‌شدی شه‌عبی خۆی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له بڕگه‌ی (ب)ی مادده‌ی (9)، پێكهێنانی حه‌شدی شه‌عبی له دژی ده‌ستووری عێراقه، كه له‌و بڕگه‌یه‌دا جه‌خت له‌وه كراوه‌ته‌وه، نابێت هیچ میلیشیایه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت دروست بكرێت.
H.B