فرۆشگەی دهۆک لە سلێمانی دادەخرێت

خاوەنەکەی 75 تۆن بەرهەمی خراپبووی ساخ کردۆتەوە

قائیمقامیەتی سلێمانی فرۆشگەی دهۆک دادەخات
قائیمقامیەتی سلێمانی فرۆشگەی دهۆک دادەخات

K24 - هەولێر:

لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەت بەهۆی پابەند نەبوون بە مەرج و رێنماییەکانی کارکردن، فرۆشگەی سەوزەو میوەی دهۆک بەژمارە (161) لەعەلوەی سلێمانی دادەخات.

قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی پابەندنەبون بە مەرج و رێنماییەکانی کارکردن وساخکردنەوەی زیاتر لە (75) تۆن پەتاتەی خراپبوو، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەت فرۆشگەی سەوزەو میوەی دهۆک بەژمارە (161) لەعەلوەی سلێمانی دادەخات.

بەپێی راپۆرتی لیژنەی عەلوە، پێشتر لە کۆگای فرۆشگەی دهۆک دەست بەسەر زیاتر لە (75) تۆن پەتاتەی گوماناویدا گیراوە و نمونەی رەوانەی پشکنین کراوە و تاقیگەکان جەختیان لە نەشیاوی بۆ بەکارهێنانکردوەتەوە.

راگەیەندراوەکەی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، پێش گەڕاندنەوەی ئەنجامی پشکنینەکە خاوەنەکەی لەبازاڕەکانی شاری سلێمانی ساخیکردوەتەوە، بۆیە بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی فرۆشگەی دهۆک دادەخرێت و خاوەنەکەی روبەڕوی رێکارە یاساییە توندەکان دەکرێتەوە.