لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا 13 ژن و کچ گیانیان لەدەستـدا
رووداوێكی کارەساتبار لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا
K24 - هەولێر:
لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا لە هیندستان 13 ژن و کچ کە لەسەر پارچە ئاسنێک دانیشتبوون کەوتنە بیرێکی کۆنەوە و گیانیان لەدەستدا.
بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، رووداوەکە لە گوندێكی سەربە شارۆچکەی کوشنیگار لە ویلایەتی پرادێش روویداوە و پۆلیسی ناوچەکە گوتی: ئەو پارچە ئاسنەی قوربانیەکان لەسەری دانیشتبوون، بۆ داپۆشینی بیرێکی کۆن دانرابوو، بەڵام بەرگەی ئەو بارستاییە زۆرەی نەگرتووە و بەهۆیەوە ئەو رووداوە روویداوە.
نارێندرا مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان گوتی "زۆر دڵتەنگ بووین بە رووداوەکە، ئیدارەی خۆجێیی ناوچەکە لە هەموو یارمەتیەکاندا بەشدارە."
بۆنە و ئاهەنگی هاوسەرگیری لە هیندستان زۆرجار بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە رۆژێک دەخایەنێت.
لە ساڵی 2017، لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا لەو وڵاتە، بەهۆی کەوتنی دیوارێك بەسەر بەشێک لە ئامادەبووانی ئاهەنگەکە، 24 کەس گیانیان لەدەستدا.