بارانبارین ده‌ستپێده‌كات
دوو نزمه پاڵه‌په‌ستۆ له ئاسمانی ناوچه‌كه یه‌كده‌گرن.. هه‌وره‌تریشقه و بارانی بهلێزمهشی له‌گه‌ڵدایه
K24- هه‌ولێر:
له راگه‌یه‌ندراوێكدا به‌شی پێشبینیی كه‌شوهه‌وا له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان پێشبینییه‌كانی بۆ دوو رۆژی داهاتوو راگه‌یاند و به گوێره‌ی پێشبینییه‌كان، دوو نزمه پاڵه‌په‌ستۆ له ئاسمانی ناوچه‌كه یه‌كده‌گرن و له ناوچه جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بارانبارین به تێكڕای جیاواز ده‌ستپێده‌كات.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی، له ئه‌نجامى يه‌كگرتنى دوو نزمه پاڵه‌په‌ستۆ، يه‌كێكيان له ده‌ريای سپیی ناوه‌ڕاست و ئه‌وى ديكه‌يان له ده‌رياى سوور، كه بارسته ههوايهكى شێدارى له‌گه‌ڵه، پيشبينى ده‌كرێت لە کاتەکانى دره‌نگانى شه‌وى شه‌ممه ئاسمانى هه‌رێم بهتهواى بگۆڕێت بۆ هه‌ورى ته‌واو.
پێشبینییه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن، سه‌ره‌تا به‌نمه بارانى پچڕ پچڕ دەست پێدەکات، پاشان بۆ رۆژی یەکشەممە ئاستى باران بارین له هەندێك کات دەگۆڕێت بۆ بارانى مامناوەند و بارانى بەلێزمە لە ناوەراست و رۆژهەڵات و باکورى رۆژهەڵاتى هەرێم.
هه‌روه‌ها بۆ پارێزگای هەڵەبجە و هەندێك ناوچەی وه‌ك گەرمیان و باشورى رۆژئاوای هەرێم، پیشبینى بارانى مامناوەند و هەورە تریشقە دەکرێت و درەنگانى شەوى یەكشەممە شەپۆلەکە کۆتایی دێت.
ئەمەش بارانى 12 کاتژمێرى رابردووى هەندێك لە ناوچەکانى هەرێمە:
هەولێر دڵۆپ دڵۆپ
سلێمانى دڵۆپ دڵۆپ
چەمچەماڵ دڵۆپ دلۆپ
دهۆگ دڵۆپ دڵۆپ
زاخۆ 0.2 ملم
ئامیدى 0.2 ملم
بامەرنێ 2.4 ملم
بارزان 1.0 ملم
حاجى ئۆمەران 0.8 ملم
هەڵشۆ 0.8 ملم
کانى ماسى 21.8 ملم
سۆران 0.6 ملم
باتوفە 0.6 مل
سمێلان 1.6 ملم
مێرگەسۆر 1.2 ملم
چۆمان 0.4 ملم
H.B