كۆشكی ئیلیزێ: ئاماده‌كارییه‌كانی لوتکەی نێوان پوتن و بایدن پێنجشەممە دەستپێدەکه‌ن

ماكرۆن پێشنیازێكی كردووه‌

جیهان چاوه‌ڕێی لوتکەی نێوان پوتن و بایدنه‌
جیهان چاوه‌ڕێی لوتکەی نێوان پوتن و بایدنه‌

K24- هه‌ولێر:

کرملن ئاشكرای ده‌كات، هێشتا زۆر زووە باس لە رێکخستنی کۆبوونەوەی لوتکەیی لە نێوان سەرۆکی رووسیا و ئەمەریکا بكرێت، ئەمەش دوای ئەوە کە پاریس خه‌ریكی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکه‌ له‌ نێوان مۆسكۆ و واشنتن بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان سەبارەت بە ئۆکرانیا راگه‌یاند.

پاریس رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و هاوتا رووسیەکەی ڤلادمێر پوتن رازیبوون کۆبوونەوەیەکی لوتکەیی ئەنجام بدەن، تەنیا لە حاڵەتێکدا ئەگەر رووسیا کردەوەی سەربازی دژی ئۆکرانیا ئەنجام نەدات.

کۆشکی ئیلیزێ راگەیەنراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، کۆبوونەوه‌ی لوتکەی نێوان بایدن و پوتن کە ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا پێشنیازی کردووە، فراوان دەکرێت بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندارەکانیش بگرێتەوە.

كۆشكی ئیلیزێ ئاماژەی بەوەش کردووه‌، ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لوتکەیی نێوان رووسیا و ئەمەریکا رۆژی پێنجشەممە دەستپێدەکات.