"له‌سه‌ر ئاوده‌ستێك" 20 ملیۆن كه‌س كوژران
رووداوی پردی ماركۆ پۆلۆی مێژوویی چییه؟
K24 - هه‌ولێر:
دوای نزیكه‌ی شه‌ش ساڵ له داگیركردنی ناوچه‌ی مانشوریا له‌لایه‌ن ژاپۆنه‌وه، كه دواتر بووه هۆی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی مانچوكۆ، له ساڵی 1937 و به‌ر له ده‌ستپێكردنی جه‌نگی جیهانیی دووه‌م، شه‌ڕێكی سه‌خت له نێوان ژاپۆن و چین ده‌ستیپێكرد.
به گوێره‌ی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان، شه‌ڕه‌كه له‌سه‌ر ونبوونی سه‌ربازێكی ژاپۆنی سه‌ریهه‌ڵداوه، كاتێك سه‌ربازه‌كه‌ش به سه‌لامه‌تی گه‌ڕاوه‌ته‌وه، به به‌رپرسانی یه‌كه‌كه‌ی گوتووه: "بۆ ئاوده‌ست گه‌ڕاوه".
به گوێره‌ی رێككه‌وتنی بۆكسێنهران (Boxer Protocol)، كه له‌لایه‌ن چینه‌وه واژۆكرابوو، رێگه‌ی به ژماره‌یه‌ك هێزی نێوده‌وڵه‌تیدابوو سه‌ربازانیان له 12 خاڵی نزیك هێڵی ئاسنینی نێوان بیجینگ/ په‌كینی پایته‌خت و تیانجینی باكووری رۆژهه‌ڵاتی چین جێگیر بكه‌ن، له‌و كاته‌شدا تیانجین یه‌كێك بوو له گرنگترین به‌نده‌ره‌كانی ئه‌و وڵاته.
دواتریش چین رێگه‌یدا به هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌بێ وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی پێشوه‌خته بتوانن هه‌ندێك ناوچه‌ی نزیك هێڵه ئاسنینه‌كان بپشكنن و گه‌ڕی سه‌ربازی ئه‌نجام بده‌ن.
له‌و كاته‌شدا ژماره‌ی سه‌ربازانی ژاپۆن له‌و وڵاته زیادیكرد و گه‌یشته نزیكه‌ی 15 هه‌زار سه‌رباز، ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن چینییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به مه‌ترسی لێكدرایه‌وه، دوای رێككه‌وتنی شیوعییه و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی چین، هه‌ڕه‌شه‌یان له هێزه ژاپۆنییه‌كان كرد.
شه‌وێك له كاتی ده‌رچوونی هێزێكی سه‌ربازی ژاپۆن له نزیك خاڵی فێنگتای (Fengtai)، له‌لایه‌ن چینییه‌كانه‌وه هێرش كرایه سه‌ریان و ته‌قه‌یان لێكرا، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و هێزه ژاپۆنییه بۆ بنكه سه‌ربازییه‌كه، ده‌ركه‌وت سه‌ربازێكیان به‌ناوی شیمورا كیكوجیرۆ (Shimura Kikujiro) ونه و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه، بۆیه داوایان له به‌رپرسانی سه‌ربازی ناوچه‌كه كرد، رێگه‌یان پێ بده‌ن خۆیان بچنه ناوچه‌كه و گه‌ڕی پشكنین ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام رێگه‌یان پێنه‌درا، بۆ جاری دووه‌م په‌یامێكی هه‌ڕه‌شه‌ئامێزیان ئاراسته‌ی به‌رپرسه سه‌ربازییه‌كه‌ی چین كرد.
له وه‌ڵامی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌شدا، فینگ ژی ئان، فه‌رمانده‌ی هێزی پیاده‌ی چین، هێزه‌كانی له ناوچه‌كه خسته ئاماده‌باشییه‌وه له ئه‌گه‌ری هێرشی ژاپۆنییه‌كان.
له‌و سه‌روبه‌نده‌دا، هێزه ژاپۆنییه‌كان بینیان سه‌ربازه‌كه‌یان به سه‌لامه‌تی گه‌ڕاوه‌ته‌وه شوێنه‌كه‌ی، كاتێك پرسیاریان لێ‌كرد بۆچی بۆ سه‌روشوێن بووه و دابڕاوه، شیمورا گوتی: "به دوای ئاوده‌ست و شوێنێكی باش گه‌ڕام، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به ئاو بگه‌یه‌نم"، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌ڕانه‌وه‌ی شیمورا نه‌بووه هۆی كۆتاییهێنان به گرژییه‌كان، چونكه ئه‌و كاته كار له كارترازابوو، هه‌ردوولا گه‌یشتبوونه خاڵێك گه‌ڕانه‌وه‌یان نه‌بوو.
شه‌وی 8ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 1937، ژاپۆنییه‌كان دووباره داوایان له چینییه‌كان كرد رێگه به هێزه‌كانیان لێكۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی له ونبوون و گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كه‌یان بكه‌ن، به‌ڵام دیسان رێگه‌یان نه‌درا و هه‌ردوولا هێزیان له نزیك ناوچه‌كه به‌رامبه‌ر یه‌ك كۆكرده‌وه.
تا كات گه‌یشته 5ی به‌یانی، گرژییه‌كان زیاتربوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌كان بۆ كۆتاییهێنان به گرژییه‌كان له ئارادابوون، به‌ڵام لایه‌نی چینی له نزیك پردی ماركۆ پۆلۆ ته‌قه‌یان له هێزه ژاپۆنییه‌كان كرد.
دواتر شه‌ڕه‌كه سه‌ختتربوو و چینییه‌كان به تۆپ و هاوه‌ن سه‌ربازه ژاپۆنییهكانیان بۆردومان كرد، ئه‌و كاره‌ش بووه هۆی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕێكی هه‌شت ساڵه له نێوان ژاپۆن و چین و تا كۆتاییهاتنی جه‌نگی جیهانیی دووه‌م به‌رده‌وام بوو و له ئاكامدا 20 ملیۆن كه‌س كوژران.