ناتۆ هێزه‌كانی خۆی خسته ئاماده‌باشییه‌وه
100 فڕۆكه و 120 كه‌شتی جه‌نگی خراونه‌ته ئاماده‌باشییه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
فه‌رمانده‌ی باڵای هێزه هاوبه‌شه‌كانی ناتۆ، بۆ یه‌كه‌مجار له ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی رووسیا و ئۆكرانیا، هێزه‌كانی خسته حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه.
وێبسایتی سی ئێن ئێنی ئه‌مه‌ریكی بڵاویكرده‌وه، جه‌نه‌راڵ تۆد وۆڵته‌ر هێزی زه‌مینی، ده‌ریایی، ئاسمانی و هێزی ئۆپه‌راسیۆنه تایبه‌ته‌كانی رێكخراوی هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) خستووه‌ته حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری بكه‌ن بۆ بڵاوه‌پێكردنیان بۆ پاراستنی وڵاتانی ئه‌ندام له هاوپه‌یمانێتی ناتۆ.
وه‌ك له هه‌واڵه‌كه‌ی سی ئێن ئێندا هاتووه، خستنه حاڵه‌تی ئاماده‌باشی ئه‌و هێزه، به مانای ئه‌وه نایه‌ت هێزی ناتۆ ره‌وانه‌ی ئۆكرانیا ده‌كرێت، به‌و پێیه‌ی هێشتا ئه‌و وڵاته ئه‌ندامی ناتۆ نییه.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، یێنس ستۆلتنبێرگ، سكرتێری گشتی رێكخراوی ناتۆ رایگه‌یاندووه، ناتۆ هێزه زه‌مینی و ده‌ریایی و ئاسمانی، بۆ ئاماده‌باشی له هه‌ر ئه‌گه‌رێك بڵاوه‌پێده‌كات.
روونیشی كرده‌وه، دووباره پێگه‌كانمان به‌هێز ده‌كه‌ینه‌وه، بۆ پاراستنی وڵاتانی ئه‌ندام له هاوپه‌یمانی ناتۆ و ئاماده‌بوون بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌گه‌رێك، ئاشكراشیكردووه، ئه‌و هێزه‌ی خراوه‌ته حاڵه‌تی ئاماده‌باشی، پێكهاتووه له 100 فڕۆكه، 120 كه‌شتی و كه‌شتی فڕۆكه‌هه‌ڵگر.
سكرتێری ناتۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، ئامانجی رووسیا له داگیركردنی ئۆكرانیا، لادانی حكومه‌تی هه‌ڵبژێردراوی كیێڤه.
له باره‌ی ئه‌نجامدانی گفتوگۆی نێوان ئۆكرانیا له‌گه‌ڵ رووسیا، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌و بڕیاره تایبه‌ته به حكومه‌تی كیێڤ، كه ئێستا باس له‌وه ده‌كرێت كیێڤ و مۆسكۆ رێككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی گفتوگۆ، وه‌ك راپۆرته‌كان ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، مۆسكۆ داوایكردووه دانوستانه‌كان له بێلاڕووس بێت، ئۆكرانیاش به باشی زانیوه له وارسۆی پایته‌ختی پۆڵه‌ندا بێت، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوانیان پچڕاوه.