بن عه‌لى يه‌ڵدرم: دژى رێكخراوه‌ تيرۆريستييه‌كان ده‌وه‌ستينه‌وه‌

وڵاته‌كه‌ى رێگه‌ به‌ هاوكاريكردنى گرووپ و رێكخراوه‌ تيرۆريستييه‌كانى سووريا نادات

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا بن عه‌لى يه‌ڵدرم رايگه‌ياند، وڵاته‌كه‌ى رێگه‌ به‌ هاوكاريكردنى گرووپ و رێكخراوه‌ تيرۆريستييه‌كانى سووريا نادات ئه‌گه‌ر چى له‌ لايه‌ن هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعشه‌وه‌ كۆمه‌كيش بكرێن، وه‌ك ئاماژه‌يه‌ك بۆ لايه‌نه‌ كوردييه‌كان.

ئه‌مريكا و هاوپه‌يمانانى نێوده‌وڵه‌تى له‌ دژى داعش، له‌ ماوه‌ى رابردوودا گه‌يشتوونه‌ته‌ ئه‌و ستراتيژه‌ى هاوكارى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل و هێزه‌كانى ئه‌ندامى هاوپه‌يمانێتى سوورياى ديموكراتيى بكه‌ن به‌ ئامانجى شه‌ڕكردنى زياتر له‌ دژى داعش.

ئه‌و هه‌نگاوه‌ى ئه‌مريكا و هاوپه‌يمانه‌كانى، توركياى نيگه‌ران كردووه‌ و هه‌ردوولا ناكۆكييان له‌و باره‌يه‌وه‌ هه‌يه‌.

سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا و سه‌رۆكى پارتى داد و گه‌شه‌پێدانى ئيسلامى بن عه‌لى يه‌ڵدرم، له‌ وتارێكدا كه‌ ئاراسته‌ى په‌رله‌مانتارانى حزبه‌كه‌ى كرد ئه‌و قسانه‌ى كرد و باسى له‌وه‌شكرد، هه‌رگيز رێگه‌ ناده‌ن كيانێكى نوێى كورديى له‌ ناوچه‌كانى باكوورى سووريا واته‌ رۆژئاواى كوردستان بێته‌ كايه‌وه‌.