تره‌مپ ستایشی پوتن دەکات

"لاوازیی بایدن هۆکاری هێرشی رووسیایە بۆ سه‌ر ئۆکرانیا"
تره‌مپ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ساڵانه‌ پوتن له‌ زیره‌ك داده‌نێت
تره‌مپ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ساڵانه‌ پوتن له‌ زیره‌ك داده‌نێت

K24 - هه‌ولێر:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمه‌ریکا لە کۆبوونەوەی ساڵانەی پارێزگارانی ئەمه‌ریکا لە ئۆرلاندۆ لە فلۆریدا ستایشی "زیرەکی" ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیای کرد و رەخنەی لە سەرکردە رۆژئاواییەکان گرت، کە بە "زۆر گەمژە" لەقەڵەمی دان.

به‌ گوێره‌ی راپۆرتێكی ئاژانسی "فرانس پرێس"، تره‌مپ له‌ وتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، کێشەکە ئەوەیە نییه‌ پوتن زیرەكه‌، کێشەی راستەقینە ئەوەیە، کە سەرکردەکانمان "زۆر گەمژەن"، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "لاوازی"ی سەرۆکی دیموکراته‌كان "جۆو بایدن" هۆکاری داگیرکاریی رووسیایە بۆ سه‌ر ئۆکرانیا.

سەرۆکی پێشوو لە درێژەی قسەکانیدا روونیكرده‌وه‌، "وەک هەموو کەسێک تێدەگات، ئەو کارەساتە سامناکە هەرگیز ڕووی نەدەدا ئەگەر هەڵبژاردنەکەمان ساختە نەکرابا".

ترەمپ شكسته‌كه‌ی ساڵی 2020ی به‌ سه‌ركه‌وتن وه‌سف كرد و ئاشكرای كرد، "ئێمە دووجار ئەو کارەمان کردووە و دووبارە ئەنجامی دەدەینەوە"، به‌ ناڕاسته‌وخۆش ئاماژه‌ی به‌ خۆكاندیدكردنه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی 2024ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا كرد.