ئەمەریکا و ژمارەیەک وڵات سزا بەسەر رووسیا دەسەپێنن
K24 - هەولێر
دواجار وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمەریکا ریککەوتن بەشێک لە بانکەکانی رووسیا لە سیستمی سویفتی جیهانی بۆ مامەڵەکردنی نێوان بانکەکان بێبەش بکەن.
لەو بارەیەوە گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا ئاشکرای کرد، هەر یەک لە ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، بەریتانای، کەنەدا، ئەمەریکا، فەرەنسا و کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا رەزامەندیان دەربڕی کە سزای سەختی دارایی بەسەر رووسیا بسەپێنن، لە نێویشیاندا دەرکردنی بەشێک لە بانکەکانی رووسیا لە سیستمی سویفت.
دەسەڵاتدارانی رۆژئاوا ئامانجیانە بەو هەوڵەیان تواناکانی بانکی ناوەندی رووسیا سنووردار بکەن، تاوەکو نەتوانێت پشتیوانی لە بەهای رۆبل بکات و لە مامەڵە داراییە نێودەوڵەتییەکاندا بێبەش بێت.
لەو بارەیەوە کۆمەڵەی پەیوەندییە داراییەکانی جیهان بە ناوی سویفت رایگەیاند، ئامادەکاری دەکەن، بۆ ئەوەی لە چەند رۆژی داهاتوو رێوشوێنەکانی وڵاتانی رۆژئاوا لەسەر چەند بانکێکی رووسیا بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەو دامەزراوەیە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ لایەنە ئەوروپییەکان کار دەکەن، بۆ ئەوەی وردەکاری پێویست لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان وەربگرن، کە سزایان بەسەر سەپێندراوە، بۆ ئەوەی بەگوێرەی رێنماییەکان رێوشوێنی نوێیان بەسەردا بسەپێنن.
سیستمی سویفت، بە شادەماری دارایی جیهانی دادەندرێت و رێگە بە ئاڵوگۆڕی دراو لە دەرەوەی سنوورەکان دەدات. وشەی سویفت کورتکراوەی "کۆمەڵەی پەیوەندییەکانی دارایی جیهانی نێوان بانکەکان"ـە. لە ساڵی 1973 دامەزراوە و ناوەندەکەی لە برۆکسلە، کە 11 هەزار بانک و دامەزراوەی دارایی لە زیاتر لە 200 وڵاتی جیهان بە یەکەوە دەبەستێتەوە. تێیدا 300 بانکی رووسیاش ئەندامن.
سویفت بانکێکی ئاسایی نییە کە لە هەر شەقامێک ناوەندی هەبێت، بەڵکو سیستمی گواستنەوەی خێرای نێوان بەکاربەرانە، کاتی وەرگرتن و رەوانەکردنی پارەکە دیاری دەکات. بە جۆرێک رۆژانە زیاتر لە 40 ملیۆن نامەی مامەڵەی دارایی رەوانەدەکات، بە شێوەیەک رۆژانە مامەڵەی ترلیۆنان دۆلاری نێوان کۆمپانیا و حکومەتەکان ئاشکرا دەکات. کە مامەڵەکانی رووسیاش بۆ ئاڵوگۆکردن 1%ـی قەبارەی ئەو مامەڵانەی سیستمی سویفتی پێکهێناوە.
بۆیە بێبەشکردنی مۆسکۆ لەو سیستمە کە هەزاران بانکی بە رووسیا بەستووەتە، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر سیستمی دارایی وڵاتەکە دەبێت و وادەکات بە ئاستەم دەستی بە دراوی قورس بگات.
لە هەمان کاتدا بەشێک لە وڵاتانی دیکەش ترسیان لەو سزایە هەیە چونکە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئابووری ئەوانیش دەبێت، بۆ نموونە کڕیارانی نەوت و گازی رووسیا راستەوخۆ کاریگەر دەبن بەو بڕیارە.
سیستمی سویفت لە لایەن بانکەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا دامەزراوە، کە ئێستا بە شێوەیەکی هاوبەش خاوەنداری 2000 بانکە دامەزراوەی دارایی دەکات. تێیدا بانکی نیشتمانی بەلجیکا بە هاوبەشی بانکە ناوەندییە گەورەکان لە سەرانسەری جیهان سەرپەرشتی دەکات، لە دیارترینیان یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا و بانکی ئینگلتەرا.
ئەو سیستمە هاوکارە بۆ ئەوەی بازرگانی جیهانی سەقامگیر بێت و لە رووداوەکاندا بێ لایەنی خۆی بپارێزێت.
بە هەمان شێوە بەهۆی پرۆگرامی ئەتۆمی لە ساڵی 2012ـەوە وەک بەشێک لە سزاکان ئێران لەو سیستمە دوورخراوەتەوە. کە بە هۆیەوە تاران نزیکەی نیوەی داهاتی هەناردەی نەوت و %30 بازرگانی دەرەکی لە دەستداوە.
پێشبینی دەکرێت بەهۆی دەکردنی رووسیا لەو سیستمە، کۆمپانیاکانی رووسیا لە مامەڵەکردنی دەرەکی بێبەش بن و ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری گەورەی نەرێنی لەسەر کەرتەکانی نەوت و گاز و کشتوکاڵی رووسیا دەبێت. لە هەمان کاتدا بانکەکان ناچار دەبن بەشێوەی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ یەکدی بکەن، ئەوەش کاتێکی زیاتری پێویستە و مامەڵەکان درەنگ دەکەوێت.
ئەمە لە کاتێکدایە لە کاتی داگیرکردنی نیمچە دوورگەی کریمیا لە 2014 رووسیا هەڕەشەی دەرکردنی لەو سیستمە لەسەر بوو، بەڵام ئەو کات رووسیا رایگەیاند، ئەو سزایە واتە راگەیاندنی جەنگە. بەڵام هاوپەیمانە ئەوروپییەکان ئەو کات سزاکەیان نەیانسەپاند، لە بەرامبەردا بەهۆی ئەو هەڕەشانە رووسیا ناچار بوو پەرە بە سیستمێکی نوێی خۆی بدات، بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ وڵاتانی دەرەکی مامەڵەکانی ئەنجامبدات.
سەرەڕای ئەمەش تەنیا چەند وڵاتێک مامەڵە بەو سیستمە دەکەن. کە بۆ خۆپاراستن لە سزای لەم جۆرە، حکومەتی رووسیا سیستمی کارتی پێدانی نیشتمانی بە ناوی "میر" چالاک کرد، بۆ ئەوەی مامەڵەی کارتە ئەلیکترۆنییەکان ئەنجامبدات.
سەرەڕای سەپاندنی ئەو سزایەش بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا پشتیوانی ئەو سزایەیان نەدەکرد، چونکە راستەوخۆ زیان بەو کۆمپانیانە دەگەینێت کە مامەڵە لەگەڵ رووسیا دەکەن بە تایبەت ئەڵمانیا. چونکە رووسیا هەناردەکارێکی سەرەکی نەوت و گازی سروشتییە بۆ یەکێتی ئەوروپا، کە ئێستا دۆزینەوەی جێگرەوەی وزەی رووسیا کارێکی ئاسان نییە. لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی وزەش، وڵاتانی هاوردەکار دووچاری سەختی دەبنەوە. لەلایەکی دیکەشەوە ئەو وڵاتانەی قەرزیان لە رووسیا وەرگرتووە ناچارن رێگەیەکی دیکە بدۆزنەوە، بۆ ئەوەی قەرزەکانیان بدەنەوە. بۆیە بەشێک لە شارەزایان پێیان وایە بە دەرکردنی رووسیا لە سیستمی سویفت پشێوی لەنێو بانکەکانی جیهان دروست دەبێت.
ئەلێکسی کۆردین، وەزیری پێشووی دارایی رووسیا دەڵێت، بێبەشبوونی رووسیا لە سیستمی سویفت ئابووری وڵات بە رێژەی %5 دەپوکێتەوە.
لەو بارەیەوە هەندێک گومان هەیە کە بانکەکانی رووسیا لە لایەن بانکی ئەو وڵاتانەی سزایان لەسەر نییە پشتیوانی بکرێن لە دیارترینیشیان چین، کە سیستمێکی پێدانی تایبەت بە خۆی هەیە.