دەسەڵاتی دادوەریی ئێران: سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو ئافرەتانە دەرنەچووە کە ترەمپ باسی کردوون
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاند، ئەو هەشت ئافرەتەی دۆناڵد ترەمپ وێنەکەیانی بڵاو کردبووەوە هیچکامیان سزای لەسێدارەدانیان بۆ نەبڕاوەتەوە.
ئاژانسی میزان، سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاند بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە دۆسیەی ئەو هەشت ئافرەتە، بەشێکیان ئازاد کراون و بەشەکەی دیکەشیان کۆمەڵێک تۆمەتیان لەسەرە کە ئەگەر دادگایی بگرێن سزای زیندانیان بۆ دەبڕنەوە و هیچکام لەو ئافرەتانە سزای لەسێدارەدانیان بۆ نەبڕاوەتەوە.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتیی تروس پەیامێکی ئاراستەی سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و داوای لێکردن ئەو ئافرەتانەی وێنەیانی بڵاوکردووەتەوە، ئازاد بکرێن.
دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیال" (Truth Social) نووسیویەتی: "بۆ سەرکردەکانی ئێران، کە بەم زووانە لەگەڵ نوێنەرەکانم دەست بە گفتوگۆ دەکەن؛ زۆر سوپاسگوزار دەبم ئەگەر ئەو ئافرەتانە ئازاد بکەن."
ترەمپ لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئازادکردنی ئەو گیراوانە دەبێتە نیشانەیەکی باش و دەڵێت: "دڵنیام کە ئەوان ڕێز لەو هەنگاوەتان دەگرن. تکایە هیچ زیانێکیان پێ مەگەیەنن! ئەمە دەبێتە سەرەتایەکی زۆر باش بۆ گفتوگۆکانمان."
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی پەیامەکەیدا سوپاسی سەرکردایەتی ئێرانی کردووە بۆ گرنگیدان بەم بابەتە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وا بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا خولێکی نوێی گفتوگۆ لە نێوان نوێنەرانی ترەمپ و بەرپرسانی تاران دەست پێ بکات.