توركيا ده‌روازه‌ ئاوییه‌كان به‌ڕووی كه‌شتییه‌ جه‌نگییه‌كانی رووسیادا داده‌خات

ئه‌ردۆغان: ده‌ستبه‌رداری هیچ كامێك له‌ رووسیا و ئۆكرانیا نابین

توركیا دوو گه‌رووی ئاوی به‌ڕووی كه‌شتییه‌ جه‌نگییه‌كانی رووسیادا داده‌خات
توركیا دوو گه‌رووی ئاوی به‌ڕووی كه‌شتییه‌ جه‌نگییه‌كانی رووسیادا داده‌خات

K24- هه‌ولێر:

حكومه‌تی توركیا رایگه‌یاند، به‌فه‌رمی وڵاتانی كه‌نار ده‌ریای ره‌شیان ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌، كه‌ بڕیاریانداوه‌ هاتووچۆی كه‌شتییه‌ جه‌نگییه‌كانی رووسیا له‌ گه‌رووه‌كانی بوسفۆر و ده‌رده‌نیل قه‌ده‌غه‌ كردووه‌.

مه‌ولود چاویشئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا گوتی: "توركیا رێگه‌ به‌ هیچ كه‌شتییه‌كی جه‌نگی نادات له‌و دوو ده‌روازه‌ ئاوییه‌‌ تێپه‌ڕن"، ته‌واوی وڵاتانی كه‌نار ده‌ریای ره‌ش و وڵاتانی دیكه‌شیان له‌و بڕیاره‌ ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "جه‌خت له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی خۆمان به‌ په‌یماننامه‌ی مۆنترۆ ده‌كه‌ینه‌وه، كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ره‌وتی ده‌ریاوانییه‌وه‌ ‌و له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌مان به‌رده‌وام ده‌بین".

پێشتریش ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا دووپاتیكرده‌وه‌، "ئه‌نقه‌ره‌ سووره‌ له‌سه‌ر به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌گوێره‌ی رێككه‌وتننامه‌ی مۆنترۆ، ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ جووڵه‌ی كه‌شتییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ده‌روازه‌ ئاوییه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك، كه‌ رێگری له‌ گرژتربوونی قه‌یرانی ئۆكرانیا بكات".

هه‌روه‌ها گوتی: "له‌سه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌ دیپلۆماسییه‌ فره‌ ره‌هه‌نده‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی ئاشتی و سه‌قامگیری له‌ نێوان رووسیا و ئۆكرانیا" و دووپاتیكرده‌وه‌، "كرده‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی رووسیا له‌ دژی ئۆكرانیا جێگه‌ی قبووڵكردن نییه‌".

سه‌رۆك كۆماری توركیا جه‌ختیكرده‌وه‌، "ئه‌نقه‌ره‌ سازش له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیشتمانییه‌كانی ناكات و هاوسه‌نگی هه‌رێمی و جیهانیش له‌به‌رچاو ده‌گرێت".

ئه‌ردۆغان روونیكرده‌وه‌، "تا ئه‌مڕۆ توركیا به‌رپرسیارێتی خۆی له‌چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌ و هاوپه‌یمانێتییه‌كانیدا به‌شێوه‌یه‌كی پیشه‌ییانه‌ جێبه‌جێ كردووه‌، له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و هاوپه‌یمانی ناتۆ و یه‌كێتی ئه‌وروپا".

سه‌رۆكی توركیا جارێكی دیكه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، "هیچ گومانێكی تێدا نییه‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌توانین قه‌یرانی ئێستای باكووری ده‌ریای ره‌ش تێپه‌ڕێنین، وه‌ك چۆن له‌ رابردووشدا كردوومانه‌".

گوتیشی: "ئێمه‌ زۆر خه‌مبارین به‌و دۆخه‌ی له‌ ئۆكرانیا له‌ ئارادایه‌ و پێشنیازمانكردووه‌ رۆڵی نێوه‌ندگیر له‌ نێوان كیێڤ و مۆسكۆ بگێڕین"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ده‌ستبه‌رداری هیچ كامێك له‌ رووسیا و ئۆكرانیا نابین و به‌ دووفاقی پێوه‌ره‌كانیش رازی نابین".

رێككه‌وتننامه‌ی مۆنترۆ له‌ ساڵی 1936 ده‌سه‌ڵاتی به‌ توركیا داوه‌ رێگری له‌ كه‌شتییه‌ جه‌نگییه‌كان بكات له‌وه‌ی گه‌رووی بۆسفۆر و ده‌رده‌نیل له‌كاتی جه‌نگدا به‌كاربهێنن، هه‌روه‌ك رێككه‌وتننامه‌كه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، ته‌نها رێگه‌ به‌و كه‌شتیانه‌ ده‌درێت، كه‌ له‌ناو ده‌ریای ره‌ش به‌ره‌و به‌نده‌ركانیان له‌ رێگه‌ن.

پێشتر ئۆكرانیا داوای له‌ توركیا كردبوو، به‌نده‌كانی رێككه‌وتننامه‌ی مۆنترۆ جێبه‌جێ بكات و له‌ ده‌روازه‌ ئاوییه‌كان رێگه‌ به‌ تێپه‌ڕبوونی كه‌شتییه‌ جه‌نگییه‌كانی رووسیا نه‌دات كه‌ به‌ره‌و ئۆكرانیا ده‌چن.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا ژماره‌یه‌ك كه‌شتیی رووسی له‌ڕێگه‌ی ئه‌و دوو گه‌رووه‌ به‌ناو ده‌ریادا چووبوون و تا ئێستاش كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و بڕیاره‌ نوێیه‌ی توركیا له‌سه‌ر گرژییه‌كانی ئۆكرانیا رانه‌گه‌یه‌ندراون.

سه‌رچاوه‌: ئه‌نادۆڵ

H.B